ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە بڵاوکراوەتەوە کە گوایە چیچان شانبەشانی ئێران چوونە ناو شەڕەکە ڕادەگەیەنێت؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "ووڵاتی ( شیشان ) دژی ئەمریکا و ئیسرائیل پشتگیری ئێران دەکەین ئامادەین".

ڕاستییەکە

ئەو ڤیدیۆیەی کە بانگەشەی ئەوە دەکات کە چیچان لە پشتگیری ئێران دەکات و چوونە ناو شەڕەکە ڕادەگەیەنێت، چەواشەکارانەیە، بەو پێیەی ڤیدیۆکە کۆنە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2024، کە نمایشێکی سەربازی لە گرۆزنی پایتەختی چیچان نیشاندەدات، و هیچ پەیوەندییەکی بە ڕووداوەکانی ئێستای ئێرانەوە نییە.

گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت کە دەگەڕێتەوە بۆ نمایشێکی سەربازیی لە سەرەتای ساڵی 2024 لە گرۆزنی پایتەختی چیچان، کە سەرۆک کۆماری چیچان ڕەمەزان قادیرۆڤ بەشداریی تێدا کرد و لەو کاتەدا پەیوەندی بە چوارچێوەی شەڕی ئۆکرانیا هەبووە، ئەوەش بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکان، ئەمەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە پەیوەندی بە ڕووداوەکانی ئێستای ئێرانەوە نییە.

سەبارەت بەو هەواڵەی کە لەگەڵ ڤیدیۆکەدا هاوپێچکراوە، ئاماژە بە ڕاپۆرتێک دەکات کە لە 31ی ئاداری 2026 لە کەناڵی "پرێس تیڤی" ئێرانی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە، کە تیایدا هاتووە کە یەکەکانی جەنگی چیچان سەر بە ڕەمەزان قادیرۆڤ ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ بڵاوبوونەوە لە ئێران و شەڕکردن شانبەشانی ئێران، لە ئەگەری دەستپێکردنی هێرشێکی زەمینی بەرفراوان.

بە پێچەوانەوە، هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەلایەن ڕەمەزان قادیرۆڤەوە بڵاو نەکراوەتەوە، هەروەها هیچ لێدوانێکی راستەوخۆ یان تۆمارێکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەیدا بڵاو نەکراوەتەوە کە نیازی ناردنی هێز بۆ ئێران پشتڕاست بکاتەوە، بەهەمان شێوە، میدیای ڕووسی و نێودەوڵەتی ئەم هەواڵەیان بڵاو نەکردووەتەوە، کە ئەمەش ئەو بانگەشەیە ڕەتدەکاتەوە سەبارەت بە ڕاگەیاندنی چوونە ناو جەنگ.

ڕاپۆرتە میدیاییەکان لە ناوچەی قەفقازەوە ئاماژەیان بە هیچ نیشانەیەکی مەیدانی نەکردووە بۆ جموجۆڵی سەربازیی ڕاستەقینە بەرەو ئێران، چ لە لایەنی چیچانی یان ڕووسییەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەوەی بڵاوکراوەتەوە دەکەوێتە ژێر لێدوانی گریمانەیی یان پەیامی سیاسی، و بڕیارێکی سەربازیی ڕاستەقینە نییە.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە چیچان دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو کۆمارێکە لەناو ڕووسیادا، هەربۆیە خاوەنی بڕیارێکی سەربازی سەربەخۆ نییە، هەر دەستێوەردانێکی سەربازی چیچان لە چوارچێوەی سوپای ڕوسیادایە، و لەژێر بڕیاری سەرکردایەتی لە مۆسکۆیە.

شایانی باسە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ڕۆژی یەکشەممە 5ی نیسانی 2026 ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە ئەو کارمەندە ونبووە ئەمریکییە ڕزگار بکەن کە فڕۆکە جەنگییەکەی لەسەر خاکی ئێران خرایە خوارەوە.

ترەمپ لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی "Truth Social" نووسیویەتی:

 "ئێمە ئەومان گەڕاندەوە! ئەی ڕۆڵە ئەمریکیەکانم، لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا، سوپای ئەمریکا یەکێک لە بوێرترین ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و ڕزگارکردنی لە مێژووی ئەمریکادا ئەنجامداوە بۆ ڕزگارکردنی یەکێک لە ئەفسەرە سەر سوڕهێنەری تیمەکەمان، کە پلەی عەقیدی هەیە و ڕێزێکی زۆری هەیە. زۆر خۆشحاڵم کە ڕایبگەیەنم کە ئێستا سەلامەتە و تەندروستە!"

ئاماژەی بەوەشکردووە:

"بە فەرمانی من، سوپای ئەمریکا دەیان فڕۆکەی ناردووە، کە هەڵگری کوشندەترین چەکی جیهانن، بۆ ئەوەی بیهێننەوە، بریندار بووە، بەڵام بە تەواوی باش دەبێت".

"لە کۆتاییدا وتی: هەرگیز هیچ سەربازێکی ئەمریکی بەجێناهێڵین!".

لە بەرامبەردا بارەگای خاتەم ئەنبیا ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی سوپای ئەمریکا بە تەواوی شکستی هێناوە، بەپێی بەیاننامەیەک کە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران لە 5ی نیسانی 2026 بڵاوی کردووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوونیکردووەتەوە، لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا دوو فڕۆکەی جۆری C-130ی سوپای ئەمریکا و دوو هەلیکۆپتەری بلاک هۆک تێکشکێندراون، لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم ڕووداوانە ڕەنگدانەوەی شکستەکانی سوپای ئەمریکایە لەم ئۆپەراسیۆنەدا و هێزە چەکدارەکانی ئێران ئامادەن بۆ وەڵامدانەوە.

پێشتریش لە ڕۆژی هەینی 3ی نیسانی 2026، ئێران ڕایگەیاند کە فڕۆکەیەکی جەنگی ئێف 35ی خستۆتە خوارەوە، لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە فڕۆکەکە بە سیستەمی بەرگری پێشکەوتووی نوێ لە ئاسمانی ئێرانەوە خراوەتە خوارەوە.

سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە ئەمە دووەم فڕۆکەی ئێف 35 بوو کە خراوەتە خوارەوە، لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "بەهۆی لەناوچوونی تەواوی فڕۆکەکە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی فڕۆکەوانەکە لەبەردەستدا نییە". زیاتر باسی لەوەش کردووە کە بەدوور دەزانرێت کە فڕۆکەوانەکە لە ژیاندا مابێت، هاوکات شارەزایانی سەربازی لە سۆشیال میدیا ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە وێنە بڵاوکراوەکان وا دیارە پاشماوەی فڕۆکەیەکی جۆری ئێف 15 نیشان دەدات.

کەناڵی ئێن بی سی نیوز لە زاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمریکی کاریگەری نابێت لەسەر دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە زیاتر لە مانگێکە بەردەوامە، ئەوەش لە 3ی نیسانی 2026.