ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە زنجیرەی خێزانی سیمپسۆن پێشبینی ڕووداوەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریسی کردووە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە گوایە زنجیرە کارتۆنی سیمپسۆنس پێشبینی ڕووداوەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریس 2024 کردووە.

ڕاستییەکە
ئەو ئیدیعایەی هاوپێچکراوە ساختەیە، بەو پێیەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە پێکدێت لە چەند دیمەنێکی جیاواز و هیچ لێکچوونێک نییە لە نێوان ڕووداوەکان لەگەڵ زنجیرە کارتۆنی سیمپسۆنس، بەو پێیەی هەر ئەڵقەیەک باسی چیرۆکێکی جیاواز دەکات، هەروەها ڤیدیۆکە چەند دیمەنێکی ڕاستی ئۆڵۆمپیادی پاریس تێدایە، وەکو:-
1-دیمەنی یەکەم کە تێیدا باڵەخانەیەک دەردەکەوێت کە لەسەری لۆگۆی پێنج کیشوەرەکەی لێژنەی ئۆڵۆمپیادی نێودەوڵەتی لەسەرە، دەگەڕێتەوە بۆ وەرزی 10 ئەڵقەی 20 بەناونیشانی (The Old Man and the "C" Student)، کە چیرۆکی ئەڵقەکە باسی دۆڕانی سپرینگفیڵد دەکات لە یاری ئۆڵۆمپیاد بەهۆی بارتەوە بەوهۆیەوە سزا دەدرێت بە کارکردنی خۆبەخشانە لە خانەی بەساڵاچووان.

2-دیمەنی دووەم کە تێیدا هۆمەر دەردەکەوێت لە کاتی بەرزکردنەوەی شەراب و خواردنەوەی کە لە ژێر شەرابەکە بازنەی بچووک دەردەکەوێت، دەگەڕێتەوە بۆ وەرزی 12 ئەڵقەی 14 بەناونیشانی (New Kids on the Blecch)، چیرۆکی ئەڵقەکە باسی دەزگایەکی بەهرەمەندان دەکات کە توانا مۆسیقیەکانی بارت و نێڵسۆن و میلهاوس و ڕالف دەدۆزێتەوە و پەلە دەکات بۆ ئەوەی ببنە تیپی کوڕە گەورەکە.

3-دیمەنی سێیەم کە تێیدا هۆمەر دەردەکەوێت لە پاڵ وێنەیەکی هەڵواسراو، دەگەڕێتەوە بۆ وەرزی 16 ئەڵقەی 19 بەناونیشانی (Thank god it's Doomsday)،چیرۆکی ئەڵقەکە باسی ترسانی هۆمەر دەکات لە نزیکبوونەوەی کۆتایی جیهان کە لە کتێبی پیرۆز باس کراوە دوای سێرکردنی فلیمێک و بینینی چەند نیشانەیەک وا دەزانێت نیشانەکانی کۆتایی جیهانە.

4-دیمەنی چوارەم کە ئاهەنگێکی سەما کردن نیشاندەدات لە پێش نەفەرێک کە لەسەر کورسی دانیشتووە، دەگەڕێتەوە بۆ وەرزی 30 ئەڵقەی 7 بەناونیشانی (Werking Mom)، چیرۆکی ئەڵقەکە باسی مارج دەکات کە دەیەوێت کارێکی دەست بکەوێت بەڵام لە ڕێگادا دەبێت بە شاجوانێک کە دەفری پلاستیکی خواردن هەڵگرتن دەفرۆشێت.

5-دیمەنی پێنجەم کە تێیدا هۆمەر و مارج دەردەکەون لە کاتی ڕێکردنیان لە پاڵ بورجی ئیڤل، دەگەڕێتەوە بۆ وەرزی 27 ئەڵقەی 20 بەناونیشانی (To Courier with Love) چیرۆکی ئەڵقەکە باسی هۆمەر دەکات کە پەیمان دەدات بە مارج کە گەشتی تەمەنی پێبکات کاتێک هۆمەر ڕێکەوتنێک لەگەڵ بریکارێکی گەشتکردن دەکات بۆ ئەوەی جانتایەکی نهێنی بۆ بگوازێتەوە لە بەرامبەردا داشکانی بۆ دەکات لە گەشتێکی خێزانی بۆ پاریس.

هەروەها ڤیدیۆکە چەند دیمەنێکی ڕاستی تێدایە لە ئاهەنگی کردنەوەی ئۆڵۆمپیادی پاریس 2024.

بڵاوکردنەوە ئەم پۆستە دوای ئەوە دێت کە ئاهەنگی کردنەوەی ئۆڵۆمپیادی پاریس کە لە فەڕەنسا بەڕێوەچوو مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، کە تێیدا لاسایی دیمەنی بەناوبانگی مەسیح و حەوارییەکانی کردوەتەوە کە لەسەر کۆتا ژەمن پێش ئەوەی لەخاچ بدرێن، ئەوەش بەپێی باوەڕی مەسیحییەکان.