ئایا ڕاستە بورجی خەلیفە بەهۆی لافاوەکەی ئەم دواییەوە 22 سم لار بووەتەوە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "دوای بارانە بەلێزمەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، بورجی خەلیفە لەدوبەی 22سم لار بوەتەوە، حکومەتی دوبەی لەگەڵ تیمی ئەندازیاری پرۆژەکە دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد. هاوکات هۆشداری بەپەلە بۆ دانیشتوانی بورجەکە دەرکرا بۆ چۆڵکردنی".

ڕاستییەکە

لە کاتی گەڕان بۆ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی لار بوونەوەی بورجی خەلیفە بە ڕێژەی 22 سم و فەرمان بە چۆڵکردنی بورجەکە، هیچ سەرچاوەیەکمان نەدۆزییەوە کە ڕاستی ئەو هەواڵە بسەلمێنێت.

بەو پێیەی هیچ هەواڵێکی هاوشێوەی لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمی بورجی خەلیفە یاخود هەژمارە فەرمیەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاونەکراوەتەوە، هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەکان وەکو بەرگریی شارستانی دوبەی هیچیان ڕانەگەیاندووە سەبارەت بە لار بوونەوەی بورجی خەلیفە و ئاگەدار کردنەوەی دانیشتووانی بە چۆڵکردنی.
بەپێی ماڵپەڕە فەرمیەکان بورجی خەلیفە زیاتر لە 40 تاقیکردنەوەی بۆ کراوە لەسەر بەرگە گرتنی بەرامبەر هێزی با، تاقیکردنەوەکان جۆراوجۆر بوون وەکو بەرگە گرتن بەرامبەر ڕەشەبای دوبەی، شیکردنەوەی فشاری پێکهاتەکە بورجەکە لەسەر ڕووکاری، و شیکاری کاریگەری کەش و هەوا لەسەر بناغەی بورجەکە، هەروەها بورجەکە لە گشت قۆناغەکانی دروستکردنی تاقیکردنەوەی بۆ کراوە و لە گشت تاقیکردنەوەکان دەرچووە.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ساختەیە دوای ئەوەدێت لە بەرواری 16 نیسان باو بارانێکی بەهێز ڕووی لە ئیمارات کرد، سەنتەری کەشناسی نیشتیمانی ڕایگەیاند کەوا ڕێژەی باران بارینی ئەمساڵ هاوشێوەی نەبووە ل 75 ساڵی ڕابردوو، کە بووە هۆی وەستانی ژیان لە چەندین ناوچە، چەندین گەرەکی دوبەی و شارەکانی باکوور و چەند ناوچەیەکی کە ژێر ئاو کەوتن.