ئایا وڵاتی سعودیە ڕێگای داوە بە ڕۆژوو شکاندن بە ئاشکرا لە شوێنی گشتی؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەڵگەنامەیەک بڵاوکراوەتەوە گوایە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی سعودیەوە دەرچووە و ڕێگایان داوە بە ڕۆژوو شکاندن لە شوێنی گشتی لە مانگی ڕەمەزان.

ڕاستییەکە

ئەو بەڵگەنامەی بڵاوکراوەتەوە ساختەیە، بەپێی:

  1. چەندین هەڵەی ڕێنووسی تێدایە وەکو نوسینی "معقدة" لە شوێنی منعقدة، هەروەها نووسینی "علي" لە شوێنی علی، هەروەها بەکارهێنانی وشەی "فاطر" لە بەڵگەنامەکەدا کە دەبێت بنوسرێت "مفطر" یاخود "غير صائم".
  2. ئەو بەروارەی لە بەڵگەنامەکەدا ئاماژەی پێدراوە 18.8.1440 هجریە کە دەکاتە ساڵی 2019، بە گەڕانەوە بۆ ئەو بڕیارانەی کە لە بەروارە دەرکراوە، بۆمان دەرکەوت کە لەو بەروارە هیچ بڕیارێکی هاوشێوە نەدراوە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی سعودیەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتی سعودیە لەم دواییانەدا هیچ لێدوانێکی نەداوە کە ئەو بڕیارانەی ناو بەڵگەنامە ساختەکە لەخۆ بگرێت.

جێی باسە لە ساڵی 2019ەوە بە بەردەوامی ئەم بەڵگەنامەیە بڵاودەکرێتەوە، پێشتر (دەستەی بەرەنگاربوونەوەی دەنگۆیەکان) سعودیە ئەو ئیدیعایەی ڕەتکردەوە.