ڕاستیی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە بڵاوکراوەتەوە گوایە یوتیووبەر عەلی عادل پشتگیری لە ڕێکارەکانی عەلی زەیدی دەکات بۆ ڕاگرتنی قاچاخی نەوت لە هەرێمی کوردستان؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "نان خۆرو سفرە دڕ ئەمەیە، علی عادل دەڵیت بە علی زەیدی .. دەڵی من دەبمە خۆبەخش بڕۆ مەوەستە، ئەمە ڕۆژانێک لە کوردستان بە جەنتا پارەیان بۆ سەرف کرد هەتا بوو بەم کوڕە ئیستا دژمان قسە بکات".
 
ڕاستییەکە
ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە گوایە کە یوتیووبەر عەلی عادل تێیدا پشتگیری لە ڕێکار و بڕیارەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، عەلی زەیدی دەکات بۆ ڕاگرتنی پرۆسەکانی قاچاخی نەوت لە کوردستانی عێراق، کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێکارانەی زەیدی دژی ناوچەی جورف نەسر (جورف سەخر پێشتر) لە پارێزگای بابل گرتوویەتییەبەر، ئەمەش پێچەوانەی ئەو بانگەشەیەیە کە دەڵێت ڤیدیۆکە دوای دەرچوونی ڕێکار و بڕیارەکانی پەیوەست بە ڕاگرتنی قاچاخی نەوت لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە.
 
گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت کە لە بەرواری 18ی تشرینی دووەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، لە ڤیدیۆکەدا یوتیووبەر عەلی عادل سەبارەت بە ڤیدیۆیەکی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، عەلی زەیدی، قسە دەکات و پشتگیری خۆی بۆی دەردەبڕێت و جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەگەڵیدایە، بەوەی دەڵێت: "من یەکەم سەربازم لەگەڵت"، هەروەها داوای لێدەکات بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ شەڕکردن دژی گەندەڵی و لەو هەوڵانە پاشەکشە نەکات. هەروەها ستایشی جوڵە و هەنگاوەکانی دوایی لە پارێزگای بابل و هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکان دەکات.
 
لە لایەکی دیکەوە، یوتیووبەر عەلی عادل لە ڤیدیۆیەکدا کە لە بەرواری 27ی تشرینی دووەمی 2026 بڵاوی کردووەتەوە، ڕوونی کردەوە کە نامەیەک ئاراستەی گەلی کورد دەکات، جەختی کردەوە لەوەی ڤیدیۆ بڵاوکراوەکە بڕاوە و پارچەپارچە کراوە، بە مەبەستی دروستکردنی ناکۆکی و ئاژاوە نانەوە لەنێوان گەلی عەرەب و کورد، لە کاتێکدا ئەم دوو گەلە گەلێکی یەکن و پەیوەندیی برایەتییان هەیە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستی دایە، بەرەو گفتوگۆ و لێک تێگەیشتن دەچن، لە چوارچێوەی دەستووردا. هەروەها خۆشەویستی و ڕێزی خۆی بۆ گەلی کورد دەربڕی و بە پەیوەندییەکانی لەگەڵیانەوە شانازی کرد، و ڕەتیکردەوە کە ئەو ڤیدیۆیە بۆ خراپکردنی ئەو پەیوەندییە بەکاربهێنرێت.
هەروەها خاوەندارێتی هیچ موڵک و خانووبەرەیەکی لە عێراق ڕەتکردەوە و جەختی کردەوە کە ناکرێت دژی وڵات و گەلەکەی هەڵوێست بگرێت. وتی پشتگیری لە عێراقییەکان لە بەسرە و بەغدا و هەولێر و سلێمانی و دهۆک دەکات، بەبێ جیاوازی.
لە کۆتاییدا، داوای لە گەلی کورد کرد بەدوای ئەو کلیپە بڕاو و دەستکاریکراوانەدا نەکەون کە ئامانجیان دروستکردنی ئاژاوە و ناکۆکییە.

شەپۆلێکی نوێی ئاڵۆزیی سیاسی و دەستووری لە پەیوەندیی نێوان حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دروست بووە، دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، لە ڕۆژی 24ی تشرینی دووەمی 2026، کۆمەڵێک بڕیاری سەبارەت بە بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان دەرکرد.

قەیرانەکە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا گەشەی کردووە، دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم ڕەتکردنەوەی ئەم ڕێکارانەی ڕاگەیاند و بە پێشێلکردنی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی دانا. لە بەرامبەردا، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیارێکی لێکدانەوەیی دەرکرد کە پشتگیری لە دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵی دەکات لە بەڕێوەبردنی ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە سنوورە نێودەوڵەتییەکان، سامانە نەوتییەکان، سیاسەتی دارایی و گومرگییەوە هەیە.

لە دوایین پێشهاتدا، هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق، ڕۆژی پێنجشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2026، دەروازەی سنووری "وەلید" لە نێوان عێراق و سووریا، هەروەها دەروازەی سنووری "سەرتەک بەشتە" لە نێوان عێراق و ئێرانیان داخست.

ۆژی چوارشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2026، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیارێکی لێکدانەوەیی بە ژمارە (268/فیدراڵی/2026) دەرکرد. ئەم بڕیارەش وەڵامی داواکارییەک بوو کە سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی پێشکەشی دادگا کردبوو، بۆ لێکدانەوەی چەند ماددەیەکی دەستوور کە پەیوەندییان بە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمەوە هەبوو.

دادگاکە پشتڕاستی کردەوە کە پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان، دڵنیابوون لە ئاسایشیان و بەرگریکردن لێیان، لە دەسەڵاتە تایبەتەکانی دەسەڵاتە فیدراڵییەکانە، لەوانەش ئەو سنوورانەی لەناو ئەو خاکانەدان کە لەلایەن دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبرێن.

هەروەها، دادگاکە دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵی لە بابەتە پەیوەندیدارەکان بە بەڕێوەبردنی سامانە نەوتییەکان، سیاسەتی دارایی و گومرگی پشتڕاست کردەوە و جەختی لە پێویستیی هاوئاهەنگی لە بابەتە هاوبەشەکاندا بەپێی دەستوور کردەوە.

بڕیارەکە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە بەکارهێنانی دەسەڵاتە کارگێڕییەکانی هەرێم لەو ناوچانەی لە دەرەوەی چوارچێوەی جوگرافیی دیاریکراوی دەسەڵاتەکانی هەرێمدان، مافی دەستووری بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە دروست ناکات. بڕیارەکە بە زۆرینەی دەنگ دەرچووە، لەگەڵ تۆمارکردنی ناڕەزایی دوو ئەندامی دادگا.