ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە بڵاوکراوەتەوە گوایە دیمەنێکی تری بە قاچاخبردنی نەوت لە ڕێگەی سنووری پیشخابور پیشان دەدات؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "میدیا عێراقییەکان دیمەنێکی دیکەی بە قاچاخ بردنی نەوتیان لە سنوری پیشخابور بڵاو کردوەتەوە کە دەکەوێتە ناوچەی دەستەڵاتی پارتی و ئاراستەی سوریا دەکرێت".

ڕاستییەکە

ئەو ڤیدیۆیەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە و بانگەشەی ئەوەی دەکات کە دیمەنێکی تری بە قاچاخبردنی نەوت لە ڕێگەی سنووری پیشخابور پیشان دەدات، چەواشەکارانەیە، بەپێیەی دەرکەوتووە کە ڤیدیۆکە لە دەروازەی سنووری "ب. کۆنیسبایێڤا" لە ناوچەی تورکستانی قازاخستان، کە لەسەر سنووری نێوان ئۆزبەکستان و قازاخستان هەڵکەوتووە، تۆمارکراوە، ئەم دەروازە سنوورییە بەهۆی زیادبوونی فشار لەسەر گواستنەوەی کاڵاوە، تووشی قەرەباڵغییەکی زۆر بووە.

گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت کە پێشتر لەلایەن ماڵپەرە هەواڵییەکان لە بەرواری 20ی تشرینی دووەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، ڤیدیۆکە دەروازەی سنووری "ب. کۆنیسبایێڤا" لە ناوچەی تورکستانی قازاخستان پیشان دەدات، کە لەسەر سنووری نێوان ئۆزبەکستان و قازاخستان هەڵکەوتووە. ئەم دەروازە سنوورییە بەهۆی زیادبوونی فشار لەسەر هاتووچۆی گواستنەوەی کاڵا، تووشی قەرەباڵغییەکی زۆر بووە.

شەپۆلێکی نوێی ئاڵۆزیی سیاسی و دەستووری لە پەیوەندیی نێوان حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دروست بووە، دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، لە ڕۆژی 24ی تشرینی دووەمی 2026، کۆمەڵێک بڕیاری سەبارەت بە بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان دەرکرد.

قەیرانەکە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا گەشەی کردووە، دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم ڕەتکردنەوەی ئەم ڕێکارانەی ڕاگەیاند و بە پێشێلکردنی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی دانا. لە بەرامبەردا، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیارێکی لێکدانەوەیی دەرکرد کە پشتگیری لە دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵی دەکات لە بەڕێوەبردنی ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە سنوورە نێودەوڵەتییەکان، سامانە نەوتییەکان، سیاسەتی دارایی و گومرگییەوە هەیە.

لە دوایین پێشهاتدا، هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق، ڕۆژی پێنجشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2026، دەروازەی سنووری "وەلید" لە نێوان عێراق و سووریا، هەروەها دەروازەی سنووری "سەرتەک بەشتە" لە نێوان عێراق و ئێرانیان داخست.

ۆژی چوارشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2026، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیارێکی لێکدانەوەیی بە ژمارە (268/فیدراڵی/2026) دەرکرد. ئەم بڕیارەش وەڵامی داواکارییەک بوو کە سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی پێشکەشی دادگا کردبوو، بۆ لێکدانەوەی چەند ماددەیەکی دەستوور کە پەیوەندییان بە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمەوە هەبوو.

دادگاکە پشتڕاستی کردەوە کە پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان، دڵنیابوون لە ئاسایشیان و بەرگریکردن لێیان، لە دەسەڵاتە تایبەتەکانی دەسەڵاتە فیدراڵییەکانە، لەوانەش ئەو سنوورانەی لەناو ئەو خاکانەدان کە لەلایەن دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبرێن.

هەروەها، دادگاکە دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵی لە بابەتە پەیوەندیدارەکان بە بەڕێوەبردنی سامانە نەوتییەکان، سیاسەتی دارایی و گومرگی پشتڕاست کردەوە و جەختی لە پێویستیی هاوئاهەنگی لە بابەتە هاوبەشەکاندا بەپێی دەستوور کردەوە.

بڕیارەکە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە بەکارهێنانی دەسەڵاتە کارگێڕییەکانی هەرێم لەو ناوچانەی لە دەرەوەی چوارچێوەی جوگرافیی دیاریکراوی دەسەڵاتەکانی هەرێمدان، مافی دەستووری بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە دروست ناکات. بڕیارەکە بە زۆرینەی دەنگ دەرچووە، لەگەڵ تۆمارکردنی ناڕەزایی دوو ئەندامی دادگا.