ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە بڵاوکراوەتەوە گوایە تێیدا دۆناڵد ترەمپ دەردەکەوێت لە کاتی سەیرکردنی نۆتبووکەکەی شی جینپینگ؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "ئەو کاتەی شی جینپینگ لەسەر مێزەکەی هەڵدەستێ ترەمپ بەدزییەوە سەیری نۆتبووکەکەی سەرۆکی چین دەکا و دەیەوێ بزانێ چی تێدا نووسراوە بەڵام هیچ لە زمانی چینی نازانێ".
ڕاستییەکە
ئەو ڤیدیۆیەی کە گوایە ترامپ بە نهێنی سەیری نۆتبووکەکەی سەرۆکی چین دەکات، چەواشەکارانەیە، بەو پێیەی دەرکەوت کە ئەو نۆتبووکەی سێری دەکات نۆتبووکی خۆیەتی نەک سەرۆکی چین.
ڤیدیۆکەمان پشتڕاستکردەوە بە ئەنجامدانی گەڕانی پێچەوانە بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت کە لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە لە بەرواری 14ی ئایاری 2026 بڵاوکراوەتەوە، کە تێیدا دەردەکەوێت دۆناڵد ترامپ و شی جینپینگ سەرۆکی چین لە خوانێکی فەرمی لە پەکین لە چین بەشداری دەکەن، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ چرکەی 24:10، ترامپ سەیری نۆتبووکەکەی بەردەمی دەکات کاتێک سەرۆکی چین لەسەر مێزەکە هەڵدەستێت و لە چرکەی 33:57 ترامپ هەڵدەستێت بۆ ئەوەی وتارەکەی بدات و ئەو نۆتبووکە دەبات کە پێشتر سەیری کردبوو، واتە ئەو نۆتبووکەی لەبەردەمیدایە نۆتبووکی شی جینپینگ سەرۆکی چین نییە، وەک لە پۆستە چەواشەکارەکەدا بانگەشەی بۆ کراوە.

بڵاوبوونەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆ چەواشەکارانەیە دوای ئەوە دێت کە شی جینپینگ سەرۆکی چین لە 14ی ئایاری 2026 لە پەکین لە خوانێکی فەرمی میوانداری سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ کرد،کە ئامانج لێی تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چین بوو.
هەردوو سەرکردە کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا کە زیاتر لە دوو کاتژمێری خایاند، پێش ئەوەی سەرۆکی چین لەگەڵ کۆمەڵێک سەرکردەی بازرگانی ئەمریکا کۆببێتەوە کە یاوەری سەرۆکی ئەمریکا بوون لەو سەردانە فەرمییەدا.
شی جینپینگ بە سەرۆک ترامپی ڕاگەیاندووە، دەیەوێت ساڵی 2026 ساڵێکی مێژوویی و چارەنووسساز بێت لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا.
ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا و چین "داهاتوویەکی گەورەیان پێکەوە دەبێت"، بەڵام هیچ لێدوانێک سەبارەت بە تایوان، بازرگانی، یان شەڕی ئێران نەدراوە.
تەکنەلۆجیا بۆ ئاشتی