ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە تێیدا ئاگرێکی گەورەی دەردەکەوێت گوایە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی موشەکێکی ئێرانە لە نگێڤ؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "یەکێک لە موشەکەکانی ئێران ئاگرێکی گەورەی لە شاری نگێڤی ئیسرائیل دروستکردووە و خەڵک لە ترسدا ڕادەکەن".

ڕاستییەکە

ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە کۆنە، پێشتر لەلایەن هەژمارێکی پلاتفۆرمی ئێکس لە بەرواری 2 ئاداری 2024 بڵاوکراوەتەوە،کە ساتی ئاگرکەوتنەوەیەکە لە ویلایەتی تەکساس لە ئەمریکا.

لە بەرواری 28 شوباتی 2024 زنجیرە ئاگرێک دارستانەکانی تێکساسی گرتەوە، ئاگرەکەی پەرەی سەند و بووە یەکێک لە گەورەترین ئاگرەکان لە مێژووی ئەو ویلایەتە، ئاگرەکە بە شێوەیەکی خێرا تەشەنەی کرد و مەودایەکی زۆر زەوی سووتاند و ئەو سروشتەی لە ماوەیەکی کەمدا کرد بە خۆڵەمێش، هەروەها بووە هۆی سووتانی چەندین شارۆچکە و کێڵگەی پەلەوەر.

دووبارە بڵاوکردنەوەی ئەم ڤیدیۆیە بە ئیدیعایەکی چەواشەکارانە دوای ئەوە دێت کە لە بەرواری 13 نیسانی 2024 ئێران هێرشیکردە سەر ئیسرائیل لە ڕێگای موشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، وەکو وەڵامێک بۆ هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر کونسوڵخانەی ئێران لە سووریا لە ماوەی ڕابردوودا.

هەروەها چەندین گرتە ڤیدیۆ بڵاوکراوەتەوە کە ئەو موشەکانەی ئێران نیشاندەدات کە بەرەوە ئیسرائیل هەڵدراوە.