ئایا ڕاستە ڕازی شنێشل داوای لێبوردنی کردووە لە ڕاهێنانی هەڵبژاردەی عێراق لە ئۆڵۆمپیادی پاریس؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "بە فەرمی ڕازی شنێشل داوای لێبوردن دەکات لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردەی عێراقی لەوانەیە کاساس هەڵبژاردەکە بەڕێوبات لە ئۆڵۆمپیاد".

ڕاستییەکە

ئەو هەواڵە ساختەیە، لە کاتی گەڕان بۆ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی کشاننەوەی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپیادی عێراق (ڕازی شنێشل) لە ڕاهێنانی هەڵبژاردەکە دوای ئەوەی سەرکەوتن بۆ ئۆڵۆمپیادی پاریس 2024، هیچ سەرچاوەیەکمان نەدۆزییەوە کە ڕاستی ئەو هەواڵە بسەلمێنێت.

بەپێچەوانەوە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شنێشل لە بەرواری 2 ئایاری 2024، ڕایگەیاند کەوا ئەو بەردەوامە لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردەکە، لە ڤیدیۆکەدا باسی لەوە کرد کە خەریکی خۆ ئامادەکردنە بۆ قۆناغی داهاتوو و هەڵبژاردنی ئەو یاریزانانەی نوێنەرایەتی تۆپێ پێی عێراق دەکەن لە پاریس.

هەروەها شنێشل ڕەتیکردەوە کەوا "دەست لە کار کێشانەوەی پێشکەشی یەکێتی کردبێت پێش ئەم یاریە"، ئاماژەی پێدا "بیری دەکردەوە کە دەست لەکار بکێشێتەوە ئەگەر هەڵبژاردەی عێراق سەرنەکەوێت بۆ پاریس سەرەڕای ئەوەی گرێبەستەکەی بۆماوەی 3 ساڵ درێژکردوەتەوە"، ڕونیکردەوە "ئەو هێبدە بیر لە ڕۆشتن ناکاتەوە هێندەی بیر لە دڵخۆشکردنی خەڵکی عێراق دەکاتەوە"، ئەوەش بەپێی ئاژانسی هەواڵی عێراقیەی فەرمی.
سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق (عەدنان درجال) لە لێدوانێکیدا لە بەرواری 4 ئایار 2024 پشتڕاستیکردەوە کە ڕاهێنەری هەڵبژاردەی نیشتیمانی (خیسۆس کاساس) ئەرکی ڕاهێنانی هەڵبژرادەی ئۆڵۆمپی ناکات و شنێشل بەردەوامە لە ئەرکەکانی.

جێی باسە هەڵبژاردەی عێراق سەرکەوت بۆ ئۆڵۆمپیادی پاریس دوای ئەوە لە بەرواری 2 ئایار 2024 توانی سەرکەوتن تۆماربکات بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بەرامبەر ئەندەنوسیا لە یاری دیاریکردنی سێیەم و چوارەمی ڕکابەری ئاسیا کە پاڵاوتنە بۆ ئۆڵۆمپیاد.