گۆڕانی سیاسەتەکانی پاراستنی نهێنی لە ئەپڵیکەیشنی CapCut

کۆمپانیای Bytedance کە خاوەنی ئەپڵیکەیشنی CapCut (هەمان کۆمپانیا کە خاوەنی TikTok)ە، لە 12ی حوزەیرانی 2025 سیاسەتەکانی پاراستنی نهێنی خۆی نوێکردەوە.
بەپێی مەرجە نوێیەکان، ئێستا ئەپەکە مافی بەکارهێنانی و دەستکاریکردن و دابەشکردنی میدیای بەکارهێنەرانی هەیە، لەوانەش بۆ بەکارهێنان لە ڕیکلام بەرامبەر پارە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە خاوەن ناوەڕۆکەکە بکات، هەروەها لەوانەیە ناوەڕۆکەکە بە ئەپەکانی لایەنی سێیەمدا بفرۆشێت یاجود بڵاوی بکاتەوە یاخود بیرۆکەی لێ دروست بکات، و قازانجی دارایی بەدەستبهێنێت بەبێ ئەوەی ئاگادارت بکاتەوە یاخود قەرەبووت بکاتەوە.

بە واتایەکی تر ئەگەر وێنەیەک، تۆمارێکی دەنگی، یاخود ڤیدیۆیەک لە CapCut باربکەیت، ئەوا مافی تەواو بە ئەپەکە دەدەیت بۆ بەکارهێنانی بەو شێوەیەی کە پێی باشە، هەروەها سیاسەتە نوێکراوەکان باس لەوە دەکەن کە CapCut دەتوانێت ناوی بەکارهێنەر و وێنەی پڕۆفایلی تۆ بەکاربهێنێت بۆ ناسینەوەی تۆ وەک سەرچاوەی ناوەڕۆکەکە، تەنانەت لە بانگەشە و ڕیکلامەکاندا.
تیمی تەکنەلۆجیا بۆ ئاشتی هۆشداری دەدات لە سیاسەتە نوێیەکانی CapCut، کە مافی ڕێکلام و دابەشکردنی ناوەڕۆکی بەکارهێنەر دەدات بەبێ مۆڵەتی پێشوەختە، داوا لە بەکارهێنەران دەکەین پێش ئەوەی هەر ناوەڕۆکێکی کەسی لە ئەپەکەدا بڵاوبکەنەوە، وریا بن و مەرجەکان بخوێننەوە.
