ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە ئاهەنگ گێڕانی منداڵانی ئێرانە لە کاتی گەیشتنی مووشەکەکانی ئیسرائیلە کە پێیان وایە یاری ئاگرینە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "چەند منداڵێکی ئێرانی لەکاتی هێرشەکەی ئێران چوونەتە سەر باڵەخانەکانیان و دڵخۆشی دەردەبڕن،وادەزانن نمایشی یاری ئاگرینەکانە".

ڕاستییەکە

ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە کۆنە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2024، کە هێرشێکی ئێرانە بۆ سەر ئیسرائیل، نەک ڕووداوێک کە لەم دواییانەدا ڕوویدابێت.

گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت کە ڤیدیۆکە لەلایەن هەژمارێکی تیکتۆک بەناوی (baki404) لە بەرواری 2ی تشرینی یەکەمی 2024 بڵاوکراوەتەوە، کە هێرشی موشەکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل نیشاندەدات.

شایانی باسە لە 1ی تشرینی یەکەمی 2024 ئێران سەدان مووشەکی بەرەو ئیسرائیل هەڵدا و هەندێکیان خاکی ئیسرائیلیان پێکا، کە دووەم هێرش بوو ئێران لەو ساڵەدا ئەنجامیدا، دوای ئەوەی لە مانگی نیسانی ساڵی پێشوودا سەدان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.

دووبارە بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیە دوای ئەوە دێت کە سوپای ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ی حوزەیرانی 2025، شوێنە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆردومان کرد و تارانی پایتەخت و شارەکانی دیکەی لەوان نەتنز و تەبرێز کردە ئامانج. فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ڕیاکتۆرە ئەتۆمییەکان و بارەگاکانی سوپای پاسدارانی ئێران و دامەزراوە گرنگەکانی دیکەیان بۆردومان کرد.

لای خۆیەوە عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و میدیاکانی ئێران کوژرانی ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازییەکان و زانایانی لە هێرشی ئیسرائیلدا ڕاگەیاند کە لە نێویاندا فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران و سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران.