ڕاستی بڕینی کارەبا لەسەر عێراق لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە چییە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "بەپەلە؛ پێش بڕینی ئاو حکومەتی هەرێم کارەبا لەسەر عێراق بڕی".
ڕاستییەکە
هەواڵێکی ساختە سەبارەت بە بڕینی کارەبا لەسەر عێراق لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.
لە کاتی گەڕان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە، نەگەشتین بەهیچ سەرچاوەیەک کە ڕاستی ئەو هەواڵە بسەلمێنێت، هەروەها هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندنی عێراق یاخود کوردی هەواڵی بڕینی کارەبای لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە لەسەر عێراق بڵاونەکردوەتەوە.
لەلای خۆیەوە، وەزارەتی کارەبا لە ڕێگەی پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە بەرواری 10ی حوزەیرانی 2025 ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، وتی:
"ئەو وێستەگانەی بەرهەمهێنانی کارەبا کە پێشتر بە هۆی نەبوونی سوتەمەنیی پێويست لە لایەن حکوومەتی هەرێمەوە لە کار وەستابوون، لە لایەن حکوومەتی فیدراڵەوە سوتەمەنیان بۆ دابینکراوە و شایستە داراییەکانی وەبەرهێنەرانیشیان دەدرێت و لە دەرەوەی تۆڕی کارەبای هەرێم بەردەوامن لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا و هەناردەکردنی و دەنگۆی وەستاندن و ڕاگرتنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنیان دوورە لە ڕاستی و، هەر کاتێک سوتەمەنیی پێویست لە لایەن حکوومەتی هەرێم بۆ ئەو وێستگانە بەردەست بوو، دەخرێنە ناو تۆڕی کارەبای هەرێمەوە".
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، بڕیارەکەی حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا بۆ ڕاگرتنی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕێکارێکی نایاسایی و نادەستوورییە، هەروەها بەشێکە لە هەڵمەتێکی فشاری سیستماتیک دژ بە هەرێمی کوردستان بە ئامانجی ڕێگریکردن لە هەوڵەکانی پەرەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی هەرێم هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێکردووە، لەوەش زیاتر، جەختی لەوە کردەوە کە خەڵکی کوردستان مافی خۆیانە مافە دەستوورییەکانی و ڕێککەوتننامەکانیان لەگەڵ بەغدا واژۆبکرێت، ڕێزیان لێبگیرێت.
لای خۆیەوە وەزارەتی دارایی فیدراڵی ڕاگرتنی تەمویلی مووچەی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بودجەکە زیاترە لە 12.67% کە لە بودجە فیدراڵیدا تەرخانکراوە، کە دەکاتە 13.547 ترلیۆن دینار (نزیکەی 10.23 ملیار دۆلار) لە کۆی خەرجییە ڕاستەقینەکان.
لەبەرامبەردا حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، خەڵکی هەرێم ڕووبەڕووی ئەو سیاسەتانە بوونەتەوە کە بە "برسیکردن و جینۆسایدی سیستماتیک" وەسفی کرد.

