ڕاستی ئەو بەڵگەنامەیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە ڕاکێشانی چوار ملیار دۆلارە لەلایەن مالیکی؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەڵگەنامەیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "بەڵگەنامەیەکی نهێنی دەیسەلمێنێت کە نووری مالیکی ٣ ملیار دۆلاری کە بەرامبەرە بە ٥ ترلیۆن دینار لە بانکی ناوەندی وەرگرتووە و نیوەی داوە بە حەنان فەتلاوی و پەرلەمانتار حسێن ئەحمەد مالیکی، بە بیانووی دابەشکردنی بەسەر خێزانە کەمدەرامەتەکاندا".

ڕاستییەکە

ئەو بەڵگەنامەیەی گوایە ڕاکێشانی سێ ملیار دۆلارە لە بانکی ناوەندی عێراق، ساختەیە.

بەڵگەنامەکە ساختەیە لەبەر ئەم هۆکارانە:

  1. بەڵگەنامەکە ئاڕاستەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری/نووسینگەی سەرۆکی دادوەری کراوە، ئەمە لە ڕووی ئیداریەوە ڕێگەپێنەدراوە، بەڵگەنامەکە دەبێت ئاڕاستەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری/نووسینگەی سەرۆکی دادوەری، یاخود بۆ دادگای (...) (بۆ نموونە، دادگای باڵای فیدراڵی)/نووسینگەی سەرۆکی دادوەری کرابێت، هەروەها وشەی (المحترم) بۆ کەسانی یاسایی بەکاردێت نەک نووسینگەکان، لە کاتی ئاماژەدان بە نووسینگەی سەرۆکی دادوەری یاخود ئەنجومەنی باڵای دادوەری، بەکارهێنانی (المحترم) گونجاو نییە.
  2. لەکاتی ئاماژەدان بە بەڵگەنامەکانی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، دەبێت بەتەواوی ئاماژە بە بەش و ژمارەی کتێبی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت، نەک وەک ئەوەی ئاماژەی پێکراوە، ڕوونە کە بەڵگەنامەی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارە (ش.ز) سەر بە بەشی کاروباری کابینە و لیژنەکانە، کە بە هێمای (ش.ز.ل) کۆد کراوە، وە هیچ بەشێک لە ناو ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران نییە کە کۆدی (ش.ز) بەکاربهێنێت.
  3. لە بەڵگەنامە ساختەکە دەستەواژەی "یەک ملیار و نیو دۆلار"ی تێدایە، کە ڕێگەپێدراو نییە، بەو پێیەی پێویستە ژمارەکە لە بەڵگەنامەی فەرمیدا بە ژمارە و وشە ئاماژەی پێبکرێت، ئەمە جگە لەوەی بڕی مەبەست لێی یەک ملیار و پێنج سەد هەزار دۆلارە.
  4. ئاماژە بە نوسراوی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە لە بەرواری 10/30/2015 کە ڕێگەپێدراو نییە، بەو پێیەی ئەم بەروارە دەکەوێتە ڕۆژی هەینی کە لە عێراق پشووی فەرمییە، هەروەها نوسراوی فەرمی لە پشووی فەرمیدا ناکرێت.
  5. ئاماژە بە ناوی (نوری مالیکی) کراوە، کە لەو کاتەدا وەک جێگری سەرۆک کۆماری کاری دەکرد، ئەمەش ڕێگەپێدراو نییە، بەو پێیەی جێگری سەرۆکی کۆمار دەسەڵاتی واژۆکردنی نووسراوەکانی سکرتاریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی نییە، بەهۆی جیاوازی تەواو لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا.
  6. بەڵگەنامە فەرمییەکان بەپێی نهێنیەکەی بەسەر سێ جۆردا دابەش دەکرێت: (سنووردار - نهێنی - نهێنی باڵا), سنووردار: دەکرێت بڵاوبکرێتەوە, نهێنی: بەڵگەنامەیەکە کە بڵاوکردنەوەی ڕێگەپێدراو نییە چونکە زانیاری نهێنی تێدایە, نهێنی باڵا: ئەو بەڵگەنامانەن کە زانیارییان تێدایە کە پەیوەندییان بە ئاسایش و سەروەری وڵاتەوە هەیە, واتا پۆڵێنی بەڵگەنامەکە دەبێت "نهێنی" بێت نەک "نهێنی باڵا".
  7. بانکی ناوەندی لە کارەکانی ڕاکێشان و دانانی پارەدا مامەڵە لەگەڵ کەسانی (تاک) ناکات، بەڵکو مامەڵە لەگەڵ دامەزراوە داراییەکانی دیکەی وەک بانک و بۆرسە و کۆمپانیاکانی بیمە دەکات.

شایانی باسە لە بەرواری 8ی نیسانی 2018 ڕاستی هەمان بەڵگەنامەمان ڕوونکردوەتەوە.