ڕاستی ڕازیبوونی وەزیری دارایی بۆ بەشداریکردن لە دابینکردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی سووریا بە بڕی 4 ترلیۆن چییە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پۆستێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "تەیف سامی موچەی هەرێم نادات و موچەی سووریا دەدات".
ڕاستییەکە
ئەو هەواڵە ساختەیە، بەشداریکردنی وەزارەتی دارایی عێراق لە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی سووریا دوورە لە ڕاستییەوە.
لە کاتی گەڕان بۆ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی سەبارەت بە ڕەزامەندی وەزیری دارایی (تایف سامی) بۆ بەشداریکردن لە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی سوریا، لە جێبەجێکردنی نوسراوێکی سەرۆکوەزیران (محەمەد شیاع سودانی)، دەرکەوت کە ساختەیە، بەو پێیەی هیچ سەرچاوەیەکمان نەدۆزییەوە بۆ سەلماندنی ڕاستی ئەو هەواڵە.
لای خۆیەوە وەزارەتی دارایی عێراق ڕاستی ئەو هەواڵەی لە بەرواری 12ی ئایاری 2025 ڕەتکردەوە.
هەروەها ئەو هەواڵەی بە " درۆ و بوختان" وەسف کردووە، وئاماژەی بەوەشکردووە، "هیچ بڕیارێک سەبارەت بە مووچە یاخود هاوکاری دەرەکی نادرێت ئەگەر لە چوارچێوەی ڕێکارە فەرمییە پەسەندکراوەکاندا نەبێت".
بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە دوای ئەوە دێت کە سوریا ڕایگەیاند کە یارمەتیەکی 87 ملیۆن دۆلاری لە قەتەرەوە وەرگرتووە، کە لەسەر سێ مانگ دابەش دەکرێت و لەگەڵ ئەگەری درێژکردنەوەی.
محەممەد یوسر بەرنییە، وەزیری دارایی سوریا ڕایگەیاند، حکومەتی قەتەر هاوکارییەکی دارایی پێشکەش بە حکومەتی سوریا دەکات بۆ ئەوەی هاوکاربێت لە دابینکردنی بەشێک لە مووچەی ئێستای فەرمانبەرانی حکومەت.
لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە وەزارەتەکە لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، ئەو یارمەتییە مانگانە 29 ملیۆن دۆلارە بۆ ماوەی سێ مانگ، و ئەگەری درێژکردنەوەی هەیە.
هەروەها ئەو وەزیرە ڕوونیکردەوە، ئەو پاڵپشتییە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی تەندروستی، پەروەردە، و کاروباری کۆمەڵایەتی تەرخان دەکرێت، لەگەڵ خانەنشینکراوانی مەدەنی.

