ڕاستی ئەو وێنەیە چییە بڵاوکراوەتەوە کە گوایە تێیدا جەمیل بایک ئاڵای تورکیای پۆشیوە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "جەمیل بایك، ئاڵای توركیای خستە سەر دڵی".

ڕاستییەکە

ئەو بانگەشەیە ساختەیە، ئەو ئاڵایەی لەسەر جلی جەمیل بایک دەردەکەوێت ئاڵای پارتی کرێکارانی کوردستانە نەک ئاڵای تورکیا.

ئەو وێنەیەمان پشتڕاستکردەوە و نزیکمان کردەوە و بەراوردمان کرد لەگەڵ ئاڵای تورکیا، کە جیاوازی لە ڕەنگەکان دەرکەوت، وەکو:

لەسەر جلەکانی جەمیل بایک ئاڵایەکی سور دەردەکەوێت و بازنەیەکی زەردی تێدایە و لەناو بازنەکە شێوەیەکی سوور هەیە، کە شێوازی ئاڵای پارتی کرێکارانی کوردستانە.

بەڵام ئاڵای تورکیا لاکێشەیەکی سوورە کە هیلالێک و ئەستێرەیەکی سپی تێدایە.

بڵاوکردنەوەی ئەو وێنەیە لەگەڵ ئەو بانگەشە ساختەیە، دوای ئەوە دێت کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە 12ی ئایاری 2025، بڕیارەکانی دوازدەهەمین کۆنگرەی نائاسایی خۆی ڕاگەیاند، کە بریتی بوو لە "هەڵوەشاندنەوەی هەیکەلی ڕێکخراوەیی حیزب و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری، بەمەش کۆتایی بەو چالاکییانە هێنا کە لەژێر ناوی پەکەکەدا ئەنجام دەدرا".

ئەو پارتە جەختی لەوە کردەوە کە ئەو بڕیارانەی لە کۆنگرەی دوازدەهەمدا دراون "گواستنەوەیەکی بەهێز بۆ خەباتی سیاسی دیموکراسی پێکدەهێنن و بەشدار دەبن لە پەرەپێدانی ئایندەی گەلانمان لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانی".

ئەم ڕاگەیاندنە لە وەڵامی بانگەوازێکی دامەزرێنەری پارتەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان دێت کە لە ساڵی 1999ەوە لە دوورگەی ئیمرالی بەرامبەر ئەستەنبوڵ زیندانی کراوە، ئۆجەلان لە مانگی شوباتدا داوای لە چەکدارەکانی کردبوو کە پارتەکە لە چەک داماڵن و هەڵیبوەشێننەوە.
سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ڕۆژی دووشەممە 12ی ئایاری 2025 ڕایگەیاند، بڕیاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە "ئۆپەراسیۆنی بێ تیرۆری تورکیا" لە سەردەمی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا "هێزی پەیدا کردووە و گەیشتووەتە قۆناغێکی گرنگ".

هەروەها سەرۆکایەتی تورکیا وتی: 

"ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی تورکیا لە تیرۆر، پرۆسەیەکی کورتخایەن و سادە نییە کە لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ پەرەی سەندبێت، هەروەها پرۆسەیەکیش نییە کە لە ئەمڕۆوە تا سبەی زۆر بە خێرایی کۆتایی پێبێت"

جەختیشی لەوە کردەوە کە "رێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر" بۆ دڵنیابوون لە پێشکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە.

جەمیل بایک کێیە؟

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری یەکێتی پێکهاتەکانی کوردستان (کەجەکە)، سەرکردە و ئەندامی دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).