ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگی هیندستان لەلایەن پاکستانەوە نیشاندەدات؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "دیمەنێ ئێخستنا فروكا شەڕكەر یا هندی ژ جورێ su,30 ژلایێ هێزێن پاكستانی ڤە".
ڕاستییەکە
ئەو بانگەشەیە ساختەیە، و ڤیدیۆکە ڕاستەقینە نییە، و دەگەڕێتەوە بۆ یارییەکەی ئەلیکترۆنی.
گەڕانێکی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت ڤیدیۆکە لە پلاتفۆرمی یوتیوب لە بەرواری 30ی تشرینی یەکەمی 2024 لەلایەن کەناڵێک بەناوی (CompareComparison) بڵاوکراوەتەوە، کە ڤیدیۆیەکە لە یارییەکی جەنگی بەناوی (arma3).
بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیە هاوکاتە لەگەڵ تۆپبارانی سنوور لە نێوان هیندستان و پاکستان لە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە 7ی ئایاری 2025، ئەمەش بە پەرەسەندنی نوێی گرژیی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێی خاوەن چەکی ئەتۆمی دادەنرێت، ئیسلام ئاباد ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی هێرشە مووشەکییەکەی هیندستان بۆ 26 کەس بەرزبووەتەوە، ئەوەشی پشتڕاست کردووەتەوە کە پێنج فڕۆکە خراونەتە خوارەوە، هەروەها نیودەلهی بە بەئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی تۆمەتبار کرد، لە بەرامبەردا نیودەلهی ڕایگەیاند، "هێرشی ورد"ی ئەنجامداوە و "ژێرخانی تیرۆریستی" لە ناو خاکی پاکستاندا کردووەتە ئامانج.
سوپای هیندستان پاکستانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر 36 شوێن لە ڕۆژئاوای هیندستان و ئاماژەی پێدا کە بەرپەرچی ئەو هێرشانەیان داوەتەوە.
هەروەها پووچەڵکردنەوەی هەوڵێکی گەورەی دزەکردن لە ناوچەی سامبا لە کشمیر ڕاگەیاند.
میدیای دەوڵەتی پاکستان بڵاویکردەوە، لە ماوەی دوو ڕۆژدا سوپای پاکستان 77 فڕۆکەی هیندستانی خستۆتە خوارەوە.
هەروەها وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە ئەمینداری گشتی نیگەرانە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی پاکستان و لە بەشێکی کشمیر کە لە لایەن ئیسلام ئابادەوە بەڕێوەدەبرێت، داوای لە هەردوو وڵات کرد کە دان بە خۆیان بگرن، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە جیهان بەرگەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی نێوان دوو وڵاتی ئەتۆمی ناگرێت.
شایانی باسە پێشتر ڤیدیۆیەک بڵاوکرابووەوە گوایە دەگەڕێتەوە بک گرژییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان بە ناونیشانی (پاکستان فڕۆکەی جەنگی هیندستان دەخاتە خوارەوە)، لەدوای پشتڕاستکردنەوەی دەرکەوت ڤیدیۆکە دەگەڕێتەوە بۆ یارییەکەی ئەلیکترۆنی.

