ڕاستی ئەو وێنەیە چییە بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا بافڵ تاڵەبانی و عەلی حەمە ساڵح پێکەوە دەردەکەون و گوایە لەم دواییانەدا تۆمارکراوە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت " نوێترین دەرکەوتنی بافڵ تاڵەبانی و عەلی حەمە ساڵح کە بە دڵخۆشی لە تەنیشت یەکەوە وەستاون و وێنە دەگرن".
ڕاستییەکە
ئەو بانگەشەیە ساختەیە، و وێنەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2024، دەگەڕێتەوە بۆ چاوپێکەوتنێکی کۆنی عەلی حەمەساڵح و بافڵ تاڵەبانی.
لە دوای لێکۆڵینەوە لە وێنە بڵاوکراوەکە، دەرکەوت کە ناگەڕێتەوە بۆ هیچ چاوپێکەوتنێکی ئەو دوانە لەم دواییانەدا، هەروەها هیچ بەڵگەیەک نەدۆزرایەوە کە بیسەلمێنێت لەم دواییانەدا کۆبوونەوە لە نێوان عەلی حەمەساڵح و بافڵ تاڵەبانی ئەنجامدراوە، جا چ لە ڕێگەی گەڕانی پێچەوانەی گوگڵەوە بێت یاخود لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی.
هەروەها عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە پۆستێکیدا لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئەو بانگەشەیەی ڕەتکردەوە و دووپاتی کردەوە کە وێنەکە کۆنە و لە کۆنگرەی دیموکراتەکان لە ئەمریکا تۆمارکراوە، وێنەکە لەسەر داوای بافڵ تاڵەبانی گیراوە، نەک لە کۆبوونەوەیەک لەم دواییانەدا، وەکو لە پۆستە ساختەکە ئاماژەی پێدراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، چاوپێکەوتنەکە لەکاتی کۆنفرانسێکدا لەئەمریکا لەساڵی 2024 ڕوویداوە، هەروەها وێنەکە پێش کۆنفرانسەکە گیراوە، جەختیشیکردەوە کە کۆپییەکی وێنەکە لەلای ئەو نییە ئەگەرنا خۆی دای دەنا.
هەروەها عەلی حەمە ساڵح هەڵوێستی ڕەخنەگرانەی خۆی بەرامبەر هەردوو یەکێتی نیشتمانی کوردستان کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دووپاتکردەوە، ئامادەیی خۆی دووپاتکردەوە لەگەڵ هەر لایەنێکی سیاسی کۆببێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گەندەڵی و قاچاخچێتی و داگیرکردنی زەوی لە هەرێم.

