ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە خستنەخوارەوەی فڕۆکەی جەنگی هیندستان نیشاندەدات لەلایەن پاکستانەوە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "پاکستان خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی هندستان".
ڕاستییەکە
ئەو هەواڵەی هاوپێچکراوە ڕاستە، بەڵام ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ یارییەکەی ئەلیکترۆنی.
گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت ڤیدیۆکە لە بەرواری 14ی نیسانی 2025 لەلایەن پەیجێکەوە بەناوی (Coffin Gaming) لەسەر پلاتفۆرمی فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە،کە دەگەڕێتەوە بۆ یارییەکەی ئەلیکترۆنی.
سەبارەت بە هەواڵە هاوپێچکراوەکە ڕاستە، بەو پێیەی وەزیری بەرگری پاکستان (خواجە محەمەد ئەسف) ڕایگەیاند کە هێزەکانی پاکستان 5 فڕۆکەی شەڕکەری هیندستان و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خستەتە خوارەوە.
بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیە هاوکاتە لەگەڵ تۆپبارانی سنوور لە نێوان هیندستان و پاکستان لە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە 7ی ئایاری 2025، ئەمەش بە پەرەسەندنی نوێی گرژیی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێی خاوەن چەکی ئەتۆمی دادەنرێت، ئیسلام ئاباد ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی هێرشە مووشەکییەکەی هیندستان بۆ 26 کەس بەرزبووەتەوە، ئەوەشی پشتڕاست کردووەتەوە کە پێنج فڕۆکە خراونەتە خوارەوە، هەروەها نیودەلهی بە بەئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی تۆمەتبار کرد، لە بەرامبەردا نیودەلهی ڕایگەیاند، "هێرشی ورد"ی ئەنجامداوە و "ژێرخانی تیرۆریستی" لە ناو خاکی پاکستاندا کردووەتە ئامانج.
هەروەها وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە ئەمینداری گشتی نیگەرانە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی پاکستان و لە بەشێکی کشمیر کە لە لایەن ئیسلام ئابادەوە بەڕێوەدەبرێت، داوای لە هەردوو وڵات کرد کە دان بە خۆیان بگرن، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە جیهان بەرگەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی نێوان دوو وڵاتی ئەتۆمی ناگرێت.

