ڕاستی ئەو هەواڵە چییە کە دەڵێت تەقینەوە ئەتۆمییەکەی ئێران بەهۆی بەئامانگرتنی لەلایەن ئیسرائیلەوە بوو؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "ڤیدیۆی ئێستا تەقینەوەکەی ئێران گومان دەکرێت ئیسرائیل ئەتۆمی ئێرانی بە ئامانج گرتبێت".
ڕاستییەکە
ئەو هەواڵە ساختەیە، بەو پێیەی کۆمپانیای "ئەمبری" ئاشکرایکردووە کە تەقینەوەکە بەهۆی خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ بارێکی سووتەمەنی ڕەق بووە.
لەکاتی گەڕان بۆ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکەی ئێران لەلایەن هێرشێکی ئیسرائیلەوە، هیچ سەرچاوەیەکمان نەدۆزیەوە کە ڕاستی ئەو هەواڵە بسەلمێنێت.
کۆمپانیای ئاسایشی دەریایی بەریتانی "ئەمبری" ئاشکرای کرد، تەقینەوەکەی ڕۆژی شەممە 26ی نیسانی 2025، لە بەندەری شەهید ڕەجایی لە شاری بەندەر عەباس لە باشووری ئێران ڕوویدا، لە ئەنجامی "هەڵە مامەڵەکردن لەگەڵ بارێکی سووتەمەنی ڕەق کە تایبەت بوو بە مووشەکی بالیستی".
میدیای دەوڵەتی ئێران لە زاری دەسەڵاتی گومرگی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، "پێدەچێت تەقینەوەکە بەهۆی هەڵگرتنی کەرەستەی مەترسیدار و ماددە کیمیایی لە ناوچەی بەندەرەکە ڕوویدابێت".
تەقینەوەیەکی گەورە لە بەرواری 26ی نیسانی 2025 لە بەندەری شەهید ڕەجایی لە بەندەر عەباس لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران ڕوویدا.
بەپێی هەواڵی میدیا فەرمییەکان، لە تەقینەوەکە لانیکەم 28 کەس گیانیان لەدەستداوە و 800 کەسی دیکەش برینداربوون.
تەقینەوەکە هاوکات بوو لەگەڵ خولی سێیەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کە لە عومان بەڕێوەدەچێت، بەڵام هیچ ئاماژەیەک بۆ پەیوەندی نێوان ئەو دوو ڕووداوە نییە.
عێراقچی لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی شەممە 26ی نیسانی 2025، لە دوای تەواوبوونی خولی سێیەمی دانوستانەکان لە مەسقەتی پایتەختی عومان ڕایگەیاند:
"دانوستانەکان زۆر جددیتر بوون لە پێشوو، بەو پێیەی وردە وردە چووینە ناو گفتوگۆی وردتر و تەکنیکی و ئاڵۆزترەوە".
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەدا که لایەنی ئەمریکی پرسیاری هەیە و ڕوونی کردەوە
"ئێمه به نووسراو وەڵاممان دانەوە، هەروەها هەندێ پرسیارمان هەبوو که خرایە ڕوو"
جەختیشی لەوە کردەوە کە
"کەش و هەوای دانوستانەکان بە گشتی جددی و کاریگەری بوون، و لە گفتوگۆ گەورەکان دوورکەوتینەوە".
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی میهر، کە لە ڕۆژنانەی نیویۆرک تایمز گواستێتیەوە، ڕایگەیاند:
" پێدەچێت خولی داهاتووی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بەڕێوە بچێت".

