ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە فڕێدانی پاشەڕۆ بۆ ناو دەریا نیشاندەدات؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە "دەڵێن ئەمە پیسی زێرابەکانە تێکەڵی ناو دەریای دەکەن".

ڕاستییەکە

ئەو پۆستە ساختەیە، و ڤیدیۆکە بە زیرەکی دەستکرد دروستکراوە.

گەڕانێکی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت ڤیدیۆکە بە زیرەکی دەستکرد دروستکراوە و لە پلاتفۆرمی ئینستاگرام بڵاوکراوەتەوە لە بەرواری 17ی نیسانی 2025، لەلایەن هەژمارێکەوە کە ئاماژەی پێداوە هونەرمەندە لە زیرەکی دەستکرد.

سەبارەت بەو بانگەشەیەی بڵاوکراوەتەوە، بەگوێرەی ڕێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی، ڕشتنی پاشەڕۆ بۆ ناو دەریا قەدەغەیە، مەگەر کەشتییەکە وێستگەیەکی پاککردنەوەی پاشەڕۆی پەسەندکراو تێدابێت، یاخود کاتێک پاشەڕۆ دەڕێژێت لە دوای بەکارهێنانی سیستمێکی پەسەندکراو، دەبێت لە دووری زیاتر لە سێ میلی دەریایی لە نزیکترین وشکانیەوە بیڕێژێت.

پاشەڕۆی پاکنەکراوە یاخود تەعقیم نەکراو دەبێت لە دووری زیاتر لە دوانزە میلی دەریایی لە نزیکترین وشکانیەوە بڕێژرێت لە کاتێکدا کەشتییەکە لە ڕێگادا بێت و خێرایی لە چوار گرێی دەریایی کەمتر نەبێت، هەروەها ڕێژەی دەردانی پاشەڕۆی پاک نەکراوە دەبێت لەلایەن ئیدارەوە پەسەند بکرێت.