ڕاستی هەواڵی گیانلەدەستدانی هاندەرێکی تەمەن 3 ساڵانی یانەی زاخۆ چییە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "ئێستا مندالێکی تەمەن 3 ساڵانی هاندەری زاخۆ لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا".

ڕاستییەکە

ئەو هەواڵە ساختەیە، بەو پێیەی دڵژار عەدنان ئەندامی کارگێڕی یانەی زاخۆ ڕەتیکردەوە هیچ هاندەرێک گیانی لەدەست دابێت، و بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی هەواڵی گیانلەدەستدانی هیچ هاندەرێکی بڵاونەکردوەتەوە.

لە کاتی گەڕان بۆ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی هاندەرێکی تەمەن 3 ساڵانی یانەی زاخۆ، نەگەشتین بەهیچ سەرچاوەیەک کە ڕاستی ئەو هەواڵە بسەلمێنێت.

لەلای خۆیەوە، دڵژار عەدنان، ئەندامی کارگێڕیی یانەی زاخۆ، لە بەیاننامەیەکدا بۆ کەناڵی ڕووداو لە بەرواری 23ی نیسانی 2025، ڕایگەیاند"سەرجەم بریندارەکان نەخۆشخانەیان بەجێهێشت و ئەو دەنگۆیانەی باس لە گیانلەدەستدانی هاندەرێک دەکەن راست نین".

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، لەڕێگەی ڕاگەیەنراوێکەوە کە لە پەیجی فەرمی خۆی لە 23ی نیسانی 2025 بڵاویکردوەتەوە ، ڕایگەیاند، کە شەوی ڕابردوو لەكاتی بەڕێوەچونی یاری نێوان یانەی وەرزشی نەورۆز و یانەی وەرزشی زاخۆ لەیاریگای نەورۆز لەشاری سلێمانی گرژیی و ئاڵۆزیی لەنێوان هاندەرانی هەردولا دروست بوو و بەو هۆیەوە 62 هاوڵاتی برینداربوون.

لەلایەن تیمەكانی فریاكەوتنی خێرا چارەسەری پێویست بۆ 25 بریندار كرا لەشوێنی ڕوداوەكە لەیاریگای نەورۆز و 27 بریندار بە ئەمبوڵانس گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی شار و 10 برینداریش لەلایەن كەسوكاریان هێنران بۆ نەخۆشخانە.

دوای ئەو ڕوداوە، لەسەر فەرمانی بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سەرجەم بەشەكانی فریاكەوتن خرانە حاڵەتی ئامادەیی بۆ پیشوازیكردن لەبرینداران و چارەسەركردنیان، چارەسەری پێویست بۆ سەرجەم بریندارەكان كرا و نەشتەرگەری بۆ بریندارێكیش ئەنجام درا.

سەرجەم بریندارەكانی یاریگای نەورۆز گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەوە و تەنیا یەك بریندار نەبێت لەنەخۆشخانە ماوەتەوە كە نەشتەرگەری بۆ كراوە و دۆخی تەندروستی جێگیرە".

واتا هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە.

ئەم هەواڵە ساختەیە دوای ئەوە دێت کە ئێوارەی 22ی نیسانی 2025 ،لە کاتی بەڕێوەچوونی یاری نێوان نەورۆز و زاخۆ ڕوویاندا، دوای ئەوەی گۆڵێک بۆ زاخۆ بەهۆی ئۆفسایدەوە هەژمار نەکرا، ژمارەیەک هاندەر چوونە ناو یاریگاکە، ئەمەش وایکرد دۆخەکە لە ژێر کۆنترۆڵ دەربچێت، ناوبژیوانیش ناچار بوو کاتە ئاساییەکە بە نزیکەی نیو کاتژمێر درێژ بکاتەوە.

شایانی باسە، هاندەرێک کچە 8 مانگەکەی ونکرد، دواتر ڕاگەیەندرا کە منداڵەکە دۆزراوەتەوە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.