ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە بڵاوکراوەتەوە کە چوار کەس نیشاندەدات کە ئاو دەیانبات؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "بەداخەوە ساتی بەئاوداچوونی سێ کچ و دایکێک کە بۆ گاڵتە چووبونە ئەو شوێنە بەڵام ئاو ڕەحمیان پێ ناکات، گومان دەکرێت هەموویان خکابن".
ڕونکردنەوە
ئەو بانگەشەیە ساختەیە، و ئەو ڕووداوە لە تورکیا ڕوویداوە لە ساڵی 2024، نەک لە کوردستان.
لە کاتی پشتڕاستکردنەوەی ڤیدیۆکە، دەرکەوت کە پێشتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ماڵپەڕە هەواڵییەکانی تورکیا لە ساڵی 2024 بڵاوکراوەتەوە، کە ساتی ڕووداوێکە لە ئەنجامی لافاوی ڕووباری سێرگیب لە ناحیەی جەیلانپینار لە پارێزگای شانلی ئورفا.
بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ کە لە ئێوارەی 22ی ئازاری 2024 لە گەڕەکی یوکاری دورموشلار لە ناحیەی جەیلانپنار سەر بە پارێزگای ئورفا دەستیپێکرد، ئاستی ئاوی ڕووباری سێرگیپ لەو ناوچەیە بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە.
لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە ڕووبارەکە، 4 کەس لەناو ئاوەکە گیریان خوارد.
ئاژانسی هەواڵی "DHA" ڕایگەیاند، دانیشتوانی ناوچەکە هەوڵیاندا بۆ ڕزگارکردنی چوار کەس کە لەناو ئاوەکە گیریان خواردبوو.
سێ ئافرەت بە سەختی ڕزگارکران لەلایەن خەڵکی ناوچەکە و دەستبەجێ گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام کوڕە تەمەن 13 ساڵەکە نەتوانرا ڕزگاربکرێت.

