ئایا ڕاستە جێگری وەزیری کاروباری نێودەوڵەتی ئێران لە کاتی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا قەڵەمێکی ئاڵتونی بە بەهای 14،300 دۆلار دزیوە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت: "جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران قەڵە مێکی لە عومان دزیوە".

ڕاستییەکە

ئەو بانگەشەیە ساختەیە، و ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە دروستکراوە.

دوای پشتڕاستکردنەوە، دەرکەوت کە ڤیدیۆکە بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد دروستکراوە، و سەرچاوەکەی ڤیدیۆ نەبووە، بەڵکو وێنەیەکە کە زیاتر لە دوو ساڵ لەمەوبەر بڵاوکراوەتەوە.

لە ڤیدیۆ دروستکراوەکەدا دەردەکەوێت کە قەڵەمەکە ناکاتە گیرفانی، بەڵکو لەناو پشتێنەکەی بزر دەبێت، ئەوەش بەڵگەیەکی ترە سەبارەت بە ساختەیی ڤیدیۆکە.

هەروەها بە گەڕان لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی عەرەبی هیچ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو نەدۆزرایەوە کە ڕاستی ئەو بانگەشەیە پشتڕاست بکاتەوە، هەروەها شانشینی عومان هیچ لێدوانێکی فەرمی سەبارەت بە داواکاری گەڕاندنەوەی قەڵەمەکەی دەرنەکردووە.

بڵاوبوونەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆییە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی خولێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، کە لە 12ی نیسانی 2025، لە شانشینی عومان دەستیپێکرد، ئەم دانوستانانە بەشێکە لە هەوڵە نوێکراوەکان بۆ نزیککردنەوەی تێڕوانینەکان لەسەر پرسی ئەتۆمی ئێران، کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی نێوەندگیری چەند وڵاتێکەوە بەڕێوەدەچێت، کە دیارترینیان شانشینی عومانە، کە میوانداری خولی یەکەمی کرد.

ئەم وتووێژانە باس لە پرسە ئاڵۆزەکان دەکەن، دیارترینیان پیتاندنی یۆرانیۆم و هەڵگرتنی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر تاران، هاوکات لەگەڵ داواکردنی گەرەنتی بۆ ئەوەی واشنتۆن نەتوانێت لە هەر ڕێککەوتنێکی داهاتوو بکشێتەوە، وەک ئەوەی لە ڕابردوودا ڕوویداوە.

گەڕی یەکەم لە شاری مەسقەت لە نێو کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچوو، پێشبینی دەکرێت قۆناغی دووەم لە 19ی نیسان لە ڕۆما بەڕێوە بچێت. ئەم هەنگاوانە هاوکاتە لەگەڵ جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.