ڕاستی گیانلەدەستدانی ئەو باوکە چییە کە نوێژی لەسەر شەش کوڕەکەی کرد لە غەزە بەهۆی جەڵتەی مێشک؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت: "ئەو باوکی نوێژی مردوی لەسەر شەش کوڕەکەی خۆی کرد لەغەززە ئەمڕۆ جەڵدە لێی دا و مرد".
ڕاستییەکە
ئەو هەواڵە ساختەیە، بەو پێیەی هەتاکو کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە ئەو پیاوە لە ژیاندا ماوە.
بە گەڕانەوە بۆ میدیا عەرەبییەکان، ئیبراهیم ئەبومەهدی باوکی ئەو شەش کوڕە، لە 14ی نیسانی 2025 لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لە کەناڵی جەزیرە دەرکەوت، لە چاوپێکەوتنەکەدا وتی:
"کوڕەکانم بۆ کاری مرۆیی لە ڕێگادا بوون بۆ خان یونس داگیرکەران بەبێ ئاگادارکردنەوە ئەوانی کردە ئامانج، بەهۆی کارە فریاگوزارییەکانیانەوە کرانە ئامانج، ئەوان سەر بە هیچ لایەنێکی سیاسی نین، دەگیرکەران هەرشتێکمان لێبکەن ئێمە هەر لەسەر خاکی خۆمان دەمێنینەوە".
جێگای باسە، کە ئیبراهیم ئەبو مەهدی نوێژی جەنازەی لەسەر شەش کوڕەکەی ئەنجامدا، کە لە ئەنجامی هێرشکردنە سەر ئۆتۆمبێلەکەیان لە (دیر البلح) کوژران.

