ڕاستی ئەو هەژمارە چییە کە لە پلاتفۆرمی ئێکس وێنەیەکی شەرع و ئەردۆغانی بە دەستەواژەی "مامۆستا و خوێندکار" بڵاوکردۆتەوە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پۆستێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت: "ئیسرا ڕەجەب ئەردۆگان، کچی سەرۆککۆماری تورکیا، بەئاشکرا سوکایەتی بە سورییەکان و ئەحمەد شەرع دەکات. وێنەی کۆبونەوەی ئەردۆغان و جۆلانی سەرۆککۆماری دەسەڵاتی ڕاگوزەری دیمەشقی بڵاو کردۆتەوەو باوکی بە مامۆستاو شەرعیش بە خوێندکاری ناودەبات".
ڕاستییەکە
ئەو بانگەشەیە چەواشەکارانەیە، ئەو هەژمارە لە پلاتفۆرمی ئێکس لە ژێر ناوی (ئیسرا ئەردۆغان) کە لە پۆستەکەدا ئاماژەی پێکراوە و وێنەیەکی سەرۆک کۆماری تورکیا (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان)ی لەگەڵ سەرۆک کۆماری سوریا، (ئەحمەد الشراع) بڵاوکردۆتەوە، کە دەستەواژەی "مامۆستا و خوێندکار" بە زمانی عەرەبی لەگەڵدایە، هەژماری فەرمی کچەکەی ئەردۆغان نییە، و هەژمارەکەش بانگەشەی ئەوە نەکردووە کە هەژماری فەرمی ئیسرا ئەردۆغانە یاخود سەر بە ئەوە یاخود پەیوەندیدارە بەو.
ئەو کچەی لە وێنەی پڕۆفایلی هەژمارەکە دەردەکەوێت، ئیسرا ئەردۆغان نییە و ڕووخساری ئەو کچە تەواو جیاوازە لەگەڵ کچەکەی ئەردۆغان.
بایۆی هەژمارەکە چەند زانیارییەکی تێدایە کە نەمانتوانیوە پشتڕاستی بکەینەوە، لەوانە کە خاوەن هەژمارەکە "چالاکوانێکی مافی مرۆڤە" و لە تورکیا نیشتەجێیە، بەڵام بانگەشەی ئەوە نەکردووە کە هەژماری فەرمی ئیسرا ئەردۆغان بێت، یاخود بانگەشەی ئەوەی نەکردووە کە پەیوەندی بەوەوە هەیە یاخود سەر بە ئەوە.
ئەو وێنەیەی هەژمارەکە بڵاویکردووەتەوە، دیدارێکی نێوان شەرع و (ئەسعەد شەیبانی)، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، لەگەڵ ئەردۆغان و (هاکان فیدان) ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی نیشاندەدات، لە ڕۆژی هەینی 11ی نیسانی 2025، لە پەراوێزی چوارەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتاڵیا.

