ڕاستی هەواڵی ڕاکێشانی کچە خوێندکارێکی بەغدا لەلایەن خوێندکارێکی زانکۆی ئەنبارەوە و دەستدرێژی کردنە سەری چییە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "دووەم ڕووداوی دەستدرێژی سێكسی و كوشتن لەناو زانكۆ ڕوویدا".

ڕاستییەکە

ئەو پۆستە ساختەیە، زانکۆی ئەنبار هەواڵەکانی کوشتنی لە ناو کەمپەکەی ڕەتکردەوە، هەروەها بەڕێوەبەری بەشی بەرەنگاربوونەوەی دەنگۆکان لە وەزارەتی ناوخۆ ئەو هەواڵەی ڕەتکردەوە.

زانکۆی ئەنبار ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن کچە خوێندکارێکی خەڵکی بەغدا لەلایەن خوێندکارێکی پیاوەوە ڕاکێشراوە و دەستدرێژی کراوەتە سەر.

ئەو زانکۆیە لە پۆستێکدا کە لە بەرواری 12ی نیسانی 2025 لەسەر هەژمارە فەرمیەکەی بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت:

سەرۆکایەتی زانکۆی ئەنبار ئەو هەواڵە درۆ و هەڵبەستراوانەی ڕەتکردەوە کە لە هەندێک پەیجی سۆشیال میدیادا بڵاوبوونەتەوە، کە هیچ بنەمایەکی نییە و ئامانجی لەکەدارکردنی ناوبانگی زانکۆکە بە تایبەتی و پارێزگاری ئەنبار بە گشتییە".

هەروەها وتی،

" لە کاتێکدا ئێمە ئەم هەواڵە ئیدانە دەکەین، داوا لە هەموو لایەک دەکەین کە وردبین و پێش بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵانە لە سەرچاوە فەرمییەکانییەوە پشتڕاستی بکەنەوە و تۆمەتەکان بە دامەزراوە فەرمییەکانەوە نەبەستنەوە".

عەمید (نیبراس محەمەد عەلی) ، بەڕێوەبەری بەشی بەرەنگاربوونەوەی دەنگۆکان لە وەزارەتی ناوخۆ، دوای ئەوەی لە 13ی نیسانی 2025 پەیوەندیمان پێوەکرد سەبارەت بەو هەواڵە، ئەو هەواڵەی ڕەتکردەوە و جەختیکردەوە کە "ڕاست نییە".

بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە ساختەیە دوای ئەوە دێت کە پاسەوانێکی زانکۆی تکریت لە 10ی نیسانی 2025، لەلایەن مامۆستایەکی زانکۆوە کوژرا، ئەو ئەفسەرە ئەمنییە هەوڵیدا ڕێگری لەو مامۆستایە بکات لە ئەنجامدانی "ڕەفتاری بێ ڕەوشتی" لەگەڵ خوێندکارێکی کچ لەناو ئۆتۆمبێلەکەی.