ڕاستی ئەو وێنەیە چییە بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا گەنجێکی دڵتەنگ دەردەکەوێت لە کاتی دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسکیلەکەی؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت: "ئەم وێنەیە دەنگدانەوەیەکی زۆری داوەتەوە لە پارێزگاکانی عێراق ، کە خوێندکارێکی زانکۆی دیوانیەیە ، هێزە ئەمنییەکان دەستیان گرتووە بەسەر ماتۆڕەکەیدا".

ڕونکردنەوە

ئەو وێنەیەی بڵاوکراوەتەوە کۆنە، پێشتر لە ساڵی 2023 بڵاوکراوەتەوە.

بە ئەنجامدانی گەڕانی پێچەوانە بۆ وێنەکە لە وێبگەڕی گوگڵ دەرکەوت وێنەکە کۆنە، پێشتر لەلایەن ئاژانسی (بغداد الیوم) لە ساڵی 2023 لەسەر ماڵپەڕەکەیان بڵاوکراوەتەوە.

ئەو ئاژانسە وێنەکەی هاوپێچکردووە بە دەقێک کە دەڵێت: 

"وێنەی گەنجێک کە کتێبی قوتابخانەکانی بەدەستەوەیە لەکاتێکدا سەیری ئەفسەرێکی هاتوچۆ دەکات کە دەست بەسەر ماتۆڕسکیلە تۆمار نەکراوەکەی دەگرێت، توڕەیی هەزاران بەکارهێنەری فەیسبووکی لێکەوتووەتەوە، کە وێنەکەیان بڵاوکردووەتەوە".

دووبارە بڵاوکردنەوەی ئەم وێنەیە دوای ئەوە دێت کە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گشتی لە بەرواری 4ی نیسانی 2025ڕایگەیاند، هەڵمەتێکی ئەمنی بەرفراوان لە ڕۆژی شەممەوە دەستپێدەکات کە خاوەن ماتۆڕسکیل و توک توکی نایاسایی دەکاتە ئامانج لە هەموو ناوچەکانی بەغدای پایتەخت".

بەڕێوەبەرایەتییەکە دووپاتی کردەوە کە هەڵمەتەکە دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم ماتۆڕسکیل و توک توکەکان دەگرێتەوە کە بەبێ بەڵگەنامەن و تۆمار نەکراون، ئەمە جگە لەوەی لێپرسینەوە لەگەڵ کەسانە دەکرێت کە سەرپێچی ئەو یاسایانەی هاتووچۆ دەکەن کە پێشتر دەرچووە.