ڕاستی گیانلەدەستدانی بێژەری قەتەری یوسف سەیف چییە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت " مردنی بێژەری قەتەری یوسف سەیف پشتڕاستکرایەوە".

ڕاستییەکە

ئەو هەواڵە ساختەیە، هیچ ڕاستیەک نییە بۆ گیانلەدەستدانی بێژەری قەتەری یوسف سەیف.

لە کاتی گەڕان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە، نەگەشتین بەهیچ سەرچاوەیەک کە ڕاستی هەواڵەکە بسەلمێنێت، هەروەها کەسە نزیکەکانی ئەو بێژەرە هەواڵەکەیان ڕەتکردەوە.

لە وەڵامی ئەو پۆستەی ڕۆژنامەنووسی وەرزشی کوەیتی (موتڵق شەریفی)، کە هەواڵی مردنی یوسف سەیفی بڵاوکردەوە، کە دواتر سڕییەوە، ساڵح غەریب، بەڕێوەبەری سەنتەری لوتکە بۆ لێکۆڵینەوە و ناسیاوی شرۆڤەکاری وەرزشی یوسف سەیف، لە پۆستێکدا کە لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس، لە بەرواری 2ی نیسانی 2025 بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاند،

"بەهۆی ئەوەی پەیوەندی خێزانیم بەو شرۆڤەکارە گەورەوە هەیە، و لەگەڵیدا لە گروپێکی خێزانیدام، ئەوەی ئەم هەژمارە باسی دەکات سەبارەت بە مردنی یوسف سەیفی ئازیز، دوورە لە ڕاستییەوە، بەداخەوە کە کەسایەتییەکی میدیایی و ڕەخنەگری وەرزشی و پێشکەشکاری بەرنامەی وەرزشیی هەواڵی لەم جۆرە بڵاودەکاتەوە".

یوسف سەیف کێیە؟

بێژەرێکی وەرزشی قەتەرییە، لە ساڵی 1953 لەدایک بووە، لە ساڵی 1975 دەستی بە کاری وەرزشی کردووە، بێژەری چەندین ڕووداوی گرنگ بووە، وەک مۆندیالی گەنجان و پێشکەوتووان، یاری کۆتایی مۆندیال لە چەندین پاڵەوانێتیدا، هەروەها جامی ئاسیا و ئەفریقا و ئەوروپا و جامی کەنداو.