ئایا ڕاستە زنجیرەی سیمپسۆن پێشبینی مردنی ترەمپی کردووە بەم زووانە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "پێشبینی خێزانی سیمپسۆن ئەمجارە هەڵە دەکات گوایە هەفتەی داهاتوو تڕەمپ دەمرێت".

ڕاستییەکە

ئەو بانگەشەیە ساختەیە، سیمپسۆن پێشبینی مردنی ترەمپی نەکردووە.

لە کاتی گەڕان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو وێنەیەی کە گوایە کارتۆنی سیمپسۆن پێشبینی مردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەکات لە 14ی نیسانی 2025، هیچ دیمەنێکی هاوشێوەمان نەدۆزیەوە لە هیچ دیمەنێکی هیچ کام لە وەرزەکانی زنجیرەکەدا.

هەروەها دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە زاری مات سێلمان، بەرهەمهێنەری جێبەجێکاری زنجیرەکە بڵاویانکردەوە، ئەو دیمەنەی لە کلیپەکەدا نیشان دراوە لە هیچ یەکێک لە ئەڵقەکانی زنجیرەکەدا دەرنەکەوتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، وێنە و ڤیدیۆکان بە فۆتۆشۆپ یاخود بە زیرەکی دەستکرد دروستکراون.

بەشێوەیەکی بەردەوام، وێنە و ڤیدیۆ تۆماردەکرێت و ساختە دەکرێت و دەخرێتە پاڵ زنجیرەی سیمپسۆن، گوایە پێشبینی ڕوودانی ئەو ڕووداوانەی کردووە.