ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە دانانی مۆدێلی کەعبەیە لە کەربەلا بۆ ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی حەج لەجیاتی مەککە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "شیعەکان کەعبەی تایبەت بەخۆیان دروست ئەکەن".

ڕاستییەکە

ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە کۆنە، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی ساڵی 2021، و دانانی مۆدێلی کەعبە نییە لە کەربەلا بۆ ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی حەج.

گەڕانێکی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت ڤیدیۆکە لە سەرەتاکانی ساڵی 2021 لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە.

مەزارگەی حوسەینییە لەو کاتەدا ڕایگەیاند کە مۆدێلەکەی لابردووە و بەرپرسیار نییە لە دانانی، جەختیشی لەوە کردەوە کە لە لایەن یەکێک لە کاروانە حوسێنییەکانەوە دانراوە وەک بەشێک لە دیمەنێکی شانۆیی بە بۆنەی لە دایکبوونی ئیمام عەلی (سەلامی خوای لەسەر بێت).

دوای دوو ڕۆژ لە دانانی، مەزارگەکە هەستا بە لابردنی مۆدێلەکە، دوای ئەوەی دەسەڵاتداران قەدەغەی هاتوچۆیان ڕاگەیاند، لە دوای بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرتاسەری وڵاتدا.

واتە مۆدێلی کەعبە بۆ ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی حەج لە کەربەلا لە جیاتی مەککە دانەنراوە.
شایانی باسە، کە مەزارگەی حوسەینییە بە هاوکاری دەستەی حەشد، لە 12ی حوزەیرانی 2019، مۆدێلێکی هاوشێوەی کەعبەی لە شاری مۆدێرنی ئیمام حوسێن (سەلامی خوای لەسەر بێت) دروستکرد، کە سەر بە مەزارگەی حوسەینە، بە ئامانجی ڕاهێنانی حاجیان بۆ ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی حەج.

عەبدولئەمیر تەها ئەلموتەوەری، بەڕێوەبەری شارەکە، دەڵێت: "دروستکردنی مۆدێلی کەعبە بۆ ڕاهێنانی حاجیان، شێوازێکە کە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی بەکاریدەهێنن بۆ دوورکەوتنەوە لە هەڵە، هەروەها بۆ ڕاهێنانی حاجییەکانە بۆ ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی حەج بە شێوەیەکی دروست"، ئەوەش بەپێی ماڵپەڕی مەزارگەی حوسەینییە کە بڵاویکردووەتەوە.