ئایا موقتەدا سەدر پاساوی هێناوەتەوە بۆ داواکارییەکەی بۆ گۆڕینی ناوی سورەتی بەقەرە چونکە شەرمە ناو بنرێت بە سورەتی (الهایشة)؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "موقتەدا سەدر ئەڵێت لەمەودوا لەبری ناوی سورەتی ( البقرە - مانگا ) ناوی سورەتەکە بە سورەتی ( آدم ) ناوببرێت ، موقتەدا ئەڵێت عەیبە ناوی چوار پێ (الهايشة) لە سورەتێکی قورئانی پیرۆز بنرێت".
ڕاستییەکە
ئەو ئیدیعایە تەواو نییە، بەو پێیەی موقتەدا سەدر باسی گۆڕینی ناوی سورەتی بەقەرە بۆ" ئادەم" کردووە بەبێ ئەوەی وشەی" الهایشة" بەکاربهێنێت.
هەستاین بە لێکۆڵینەوە لەو ئیدیعایەی بڵاوکراوەتەوە بە گەڕانەوە بۆ لاپەڕەی فەرمی نووسینگەی تایبەتی (موقتەدا سەدر)، گەشتین بە ڤیدیۆیەک کە لە بەرواری 13ی ئازاری 2025 بڵاوکراوەتەوە، بە ناونیشانی "منة المقتدر و فيوضات المتصدر".
سەدر سەبارەت بە ناوی سورەتەکانی قورئان دەڵێت:
ناوی سورەت ناونیشانێکە بۆ هەموو ئەوەی لە سورەتەکە هەیە، نەک تەنها بابەتێک، یەک وشە، یاخود دوو وشە.
ئاماژەی بەوەشکردووە،
"ناونانی سورەتێکی درێژ بە یەکێک لە ناوەڕۆکەکانی وردترە لە ناونانی بە یەکێک لە وشەکانی" .
سەدر باسی لە ناونانی سورەتی بەقەرە کرد و وتی:
لە نێو ئەو تێزانەی کە لە توێژینەوەیەکی چاپکراودا سەبارەت بە سورەتی بەقەرە خستومەتەڕوو ئەوەیە کە ناوی "سورەتی ئادەمە".
ڕوونیشی کردەوە،
" کە یەکەم چیرۆکە لە قورئانی پیرۆزدا لە سورەتی بەقەرە"،" چونکە بەناوی ئاژەڵێک ناونراوە جوان نییە" و "ئادەم لەپێشترە لە موعجیزەی البقرة".
واتا سەدر لە ڤدیۆکەدا سورەتی بەقەرەی بە وشەی (الهايشة) ناو نەبردووە، کە ناوێکی ناوخۆییە بۆ مانگا.
موقتەدا سەدر سەرۆکی بزووتنەوەی نیشتمانی شیعەیە، هەروەها کوڕی پیاوی ئایینی شیعەی کۆچکردوو (محەمەد محەمەد سادق ئەلسەدر)ە.

