ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە دۆزینەوەی بونەوەرێکی نامۆیە لە عێراق؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "شۆک گەنجێکی عەرەب بانگەشەی دۆزینەوەی بوونەوەرێکی نامۆ دەکات".

ڕاستییەکە

ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە ساختەیە، بەو پێیەی دەستکاری کراوە بە بەکارهێنانی یەکێک لە بەرنامەکانی دەستکاریکردنی ڤیدیۆ.

هەستاین بە ئەنجامدانی گەڕانی پێچەوانە بۆ چەند گرتەیەکی ڤیدیۆکە، دەرکەوت کە ڤیدیۆکە لە 6ی ئازاری 2025 بڵاوکراوەتەوە، لە ڕێگەی هەژماری کەسێکەوە بەناوی (Julian bikoudi) بە ناوی بەکارهێنەر (__biogenesis)، بە پێداچوونەوە بە هەژمارەکەیدا چەندین ڤیدیۆی هاوشێوەمان دۆزیەوە کە دەستکاری کرابوون.

بە گەڕانی زیاتر بۆمان دەرکەوت ڤیدیۆ ڕەسەنەکە ئاژەڵی Rock Hyrax نیشاندەدات، کە لە بەرواری 27ی کانوونی یەکەمی 2024 لەسەر فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە، هەروەها ئەو دەنگەی دەریدەکات هۆشدارییە بۆ مەترسی.

ئاژەڵی Rock Hyrax چییە؟

ئاژەڵێکی کێوییە کە لە کەروێشک دەچێت و کلکی نییە، شیردەرێکی شاخاوی قەبارەی مامناوەندە، جەستەی بە توکی قاوەیی تۆخ داپۆشراوە، هەروەها مل و دەست و پێیەکانی کورتن، لە سەرانسەری کیشوەری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەژین، و دەتوانرێت لە ناوچە زەوییە بەردینەکاندا بەدی بکرێت.

هایراکس بە شێوەی کۆمەڵ دەژین، کە کۆمەڵێک مێینە و بەچکە لەگەڵ نێرینەیەکی پێگەیشتوو لە کونێکدا یاخود لە درزێکدا دەژین، کە بەزۆری چاودێری شوێنی نیشتەجێبوونەکە دەکات و لە کاتی هەستکردن بە مەترسی چەند دەنگێک دەردەکات بۆ ئاگادارکردنەوە لە مەترسی و گەڕانەوە بۆ درزەکە یاخود کونەکە.