ئایا سەلام عادل ناسراو بە "سەیف خەیات" ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراقە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "جوڵە ناشیرینەکانی سەیف خەیات ڕاوێژکاری سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی".

ڕونکردنەوە

ئەو ئیدیعایەی بڵاوکراوەتەوە نادروستە، بەو پێیەی سەلام عادل ناسراو بە (سەیف خەیات)، ڕاوێژکاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق نییە.

بە پشکنینی هەژمارە تایبەتەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هیچ لێدوانێکمان نەدۆزیەوە چ لە پۆستێکدابێت یاخود لە میدیا ناوخۆییەکان، کە خۆی وەک ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بناسێنێت، جگە لەوەش هیچ بەڵگەنامە و ڕاگەیاندنێکمان نەدۆزییەوە کە پشتگیری ئەم ئیدیعایە بکات.

ئەو کەسەی پێشتر ئاماژەی پێکرا، لەلایەن نووسینگەی میدیایی سەرۆکوەزیران و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی حکومی کە نوێنەرایەتی (تۆڕی میدیایی عێراقی)دەکەن وەک ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران ئاماژەی پێنەدراوە.

لای خۆیەوە عادل ڕەتیکردەوە "راوێژکاری سەرۆکوەزیران" بێت، دوای ئەوەی تیمی تەکنەلۆجیا بۆ ئاشتی پەیوەندی پێوەکرد، جەختی لەوە کردەوە کە:

"من ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران نیم و فەرمانبەری هیچ فەرمانگەیەکی حکومی نیم، من تەنها لەسەر کارەکەم وەک ڕۆژنامەنووس و نووسەر دەژیم تەنانەت کارەکانی پێشووم لەگەڵ کەناڵی ئەلعێراقییە لەسەر گرێبەستێکی کاتی بووە و لە ساڵی 2020 کۆتایی پێهاتووە".

جێگای باسە سەلام عادل هێرشی کردە سەر ڕۆژنامەنووسی عێراقی مونتەزەر زەیدی کە لە ساڵی 2008 ناوبانگی دەرکرد بەهۆی فڕێدانی پێڵاوەکەی بۆ جۆرج بوشی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە بەغدای پایتەختی عێراق لەگەڵ نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق بەڕێوەچوو.

عادل هێرشی کردە سەر زەیدی بە فڕێدانی پێڵاوەکەی بۆی لە کۆبوونەوەی یانەی ڕۆژنامەوانی عەرەبی لە پاریس لە ساڵی 2009، ئەمەش مشتومڕی لەو کاتەدا لە هۆڵی کۆبوونەوەکەدا دروست کرد، دوای ئەوەی عادل ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر بە لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و بە "داگیرکاری" ناوی برد.