ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە خۆحەشاردنی پڵینگێکە لە شاخی بەمۆ لە پارێزگای سلێمانی؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە گوایە خۆحەشاردنی پڵینگێکە لە شاخی بەمۆ لە پارێزگای سلێمانی.
ڕونکردنەوە
ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە خۆ حەشاردانی پڵینگێک نییە لە شاخی بەمۆ، بەڵکو ئەو ڤیدیۆیە لە چەندین هەژماری بیانی بڵاوکراوەتەوە کە پڵینگێکی ئەمریکی نیشاندەدات کە ناسراوە بە جاگوار.
بە ئەنجامدانی گەڕانی پێچەوانە بۆ ڤیدیۆکە گەشتین بە چەندین هەژمار و کەناڵی بیانی لەسەر یوتیوب کە هەمان ڤیدیۆی پڵینگێکی ئەمریکی یاخود جاگوار نیشاندەدات، کە گوایە لە خۆحەشاردنی پڵینگێکە لە شاخی بەمۆ لە پارێزگای سلێمانی.
جێگای باسە گەشتین بە چەندین ڤیدیۆ کە لەساڵانی ڕابردوو تۆمارکراوە، کە هەبوونی پڵینگ نیشاندەدات لە شاخەکانی هەرێمی کوردستان.
پڵینگ لە هەرێمی کوردستان
لە هەرێمی کوردستان تەنها یەک جۆر پڵینگ بوونی هەیە، و لە ناوچە شاخاوییەکان دەژین و مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.
بەهێز فارووق، ئەندامی کۆمەڵەی پڵنگانی بەمۆ بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند:
"ئەو جۆرە پڵنگەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان ماوە پڵنگی زاگرۆسە و زیاتر لە ناوچە سنوورییەکان دەژین".
هەروەها وتی:
"لەسەر ئەستۆی خۆمان گەڕان و بەدواداچوونی زۆرمان لە سنووری شاخی بەمۆ سەبارەت بە ئەم جۆری پڵنگە ئەنجامداوە، بەڵام بەداخەوە تەنها لە بەشێکی کەمی شاخەکان کراوە.
بەڵام هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە ئێمە بۆ یەکەمین جار لە ئاستی کوردستان و عێراق لە ساڵی 2022 پڵنگی مێیەمان لە شاخی بەمۆ تۆمار کرد".

