ئایا ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە کچی ڕۆژنامەنوس وریا حەمە کەریم نیشاندەدات کە بە شیعرێک ماتەمینی بۆ دەگێڕێت؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "کچەکەی وریا حمە کەریم بۆ باوکی دڵ دەکاتە سەد پارچە".

ڕاستییەکە

ڤیدیۆکە کۆنە و کچی ڕۆژنامەنوسی ناسراو ( وریا حەمە کەریم) نیشان نادات، کە لە 6ی شوباتی 2025 لە ڕووداوێکی هاتوچۆ لەسەر ڕێگای عەربەت-سلێمانی کۆچی دوایی کرد.

لە کاتی گەڕان بۆ ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە دەرکەوت کە پێشتر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە بەرواری 2ی ئەیلوولی 2024 بڵاوکراوەتەوە، لەگەڵ دەقی "ئەم کچە بە دڵێکی پڕەوە شیعر بۆ باوکی دەڵێت لە ساڵیادی شەهیدبوونی لە خۆپیشاندانی ٢ـی ئەیلولی کەرکوک"، ئەوەش ئەو ئیدیعایە ڕەتدەکاتەوە.

جێگای باسە کچی ڕۆژنامەنووس (وریا حەمە کەریم) لە ڤیدیۆیەک دەرکەوت کە لە کەناڵی "NRT" بڵاوکرابووەوە، کە لە تەنیشت دایکی ڕۆژنامەنووسەکە نیشانیدەدات، لە 6ی شوباتی 2025 هەمان ڕۆژ کە گیانی لەدەستدا بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆ لەسەر ڕێگای عەربەت- سلێمانی.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێکدا، لە بەرواری 6ی شوباتی 2025، ڕایگەیاند،

 "رووداوێکی هاتووچۆ پێش بنکەی پشکنینی عەربەت ڕوویدا، تیایدا ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر خۆی بە دوو ئۆتۆمبێلدا کێشا، لە ئەنجامدا دەستبەجێ دوو کەس گیانیان لەدەستدا، کە یەکێکیان ڕۆژنامەنووس وریا حەمە کەریم بوو".

حەمە کەریم پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لە ساڵی 2019 لەسەر هەمان ڕێگا تووشی ڕووداوێکی هاتووچۆی بە ئەنقەست بووە و لێی ڕزگاری بووە.

لە پۆستێکدا لەسەر پەیجە فەرمییەکەی فەیسبووکی دەڵێت:

 "ئەمڕۆ شەممە ٢٠١٩/١١/٢ كاتژمێر ٢:٣٥ خولەكی دوای نێوەڕۆ لەسەر ڕێگای سەرەكی ناحیەی عەربەت سلێمانی بەئاڕاستەی سلێمانی سێ ئۆتۆمبیلی جۆری لیكزس و لاندگلۆزەر مۆدێل بەر و كەمێك جام ڕەش یەكێكیان لای سەكنەوە دەستی شكاندەوە سەرم و بەوهۆیەشەوە ئۆتۆمبیلەكەی من وەرگەڕا و ئەوانەشی دەستیان. شكاندەوە سەرم نەوەستان ڕۆشت، تائێستە نازانم كێن، بەڵام سوپاس بۆ خوا خۆم سەلامەتم و هیچ شتێكم لێ نەهات".

ڕووداوەکە بەشێکە لە زنجیرەیەک ڕووداوی دووبارە لەسەر ئەم ڕێگا گرنگە، کە پرسیار لەبارەی پێویستی باشترکردنی ژێرخانی و بەرزکردنەوەی ڕێوشوێنی سەلامەتی هاتوچۆ بۆ کەمکردنەوەی ئەو جۆرە ڕووداوانە دەوروژێنێت.

ڕێگای عەربەت-سلێمانی یەکێکە لە ڕێگا سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە ڕووبەڕووی هاتوچۆی قورس دەبێتەوە، بەتایبەتی لە لایەن ئۆتۆمبێلی بازرگانی و بارهەڵگرەوە.