ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە سووتاندنی لاشەی سەلوان مۆمیکا نیشاندەدات لە سوید؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "بەهۆی بێ خاوەنی وڵاتی سوید لاشەی سەلوان مۆمیکا دەسوتێنێت".
ڕاستییەکە
ئەو ئیدیعایە ساختەیە، بەو پێیەی ئەو ڤیدیۆیە لە ساڵی 2020 لەسەر یوتیوب بڵاوکراوەتەوە، کە ساتی سوتاندنی لاشەیەکە لە ئەڵمانیا، نەک لە سوید، تا ئێستا دەسەڵاتدارانی سوید هیچ لێدوانێکی فەرمییان لە میدیا ناوخۆییەکان سەبارەت بە وردەکاری زیاتری ڕووداوەکە یاخود ناسنامەی تۆمەتباران بڵاونەکردووەتەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنامەی "ئافتۆنبلادێت" بڵاویکردووەتەوە، پۆلیس قورئان سووتێنەرەکەیان لە ناونیشانێکی نهێنی داناوە کاتێ کوژرا، و هیچ زانیارییەکی باوەڕپێکراو لەبارەی ڕێکخستن و شوێنی ناشتنی مۆمیکا لەبەردەستدا نییە.
لە 29ی کانوونی دووەمی 2025، سەلوان مۆمیکا کە بە سووتاندنی قورئان ناسراوە لە سوید، لەناو شوقەکەی خۆیدا لە شاری سۆدەرتالیا لە باشووری ستۆکهۆڵم بە گولە کوژرا، تاوانەکە لە کاتی پەخشی ڕاستەوخۆی تیک تۆکدا ڕوویدا، لەگەڵ پێگەیشتنی ڕاپۆرتی ڕووداوەکە، پۆلیس چووەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانیان کردەوە بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران.
دەسەڵاتدارانی سوید پشتڕاستیان کردەوە کە مۆمیکا بە گولە لەناو شوقەکەیدا کوژراوە، و پێشتر بەهۆی کارە مشتومڕاوییەکانی پەیوەست بە سووتاندنی قورئان هەڕەشەی لێکرابوو، دەسەڵاتداران لێکۆڵینەوەیەکی فراوانیان دەستپێکردووە، و ڕایانگەیاند کە لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی تاوانباران.
جێگای سەرنجە کە سەلوان مۆمیکە چەندین کردەوەی ئەنجامداووە کە بریتی بوو لە سووتاندنی نوسخەی قورئان، ئەمەش کاردانەوەی تێکەڵاوی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا، و ئەو ماوەیە ناڕەزایەتی و داواکاری بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەرامبەری بەخۆیەوە بینی.
شایانی باسە ماڵپەڕی "میسبار" لە 5ی شوباتی 2025 ڕاستی ڤیدیۆکەی ڕوونکردوەتەوە.

