ڕاستی پشت وێنەی ئەو پاسە چییە کە گوایە لەم دواییانەدا بۆ گواستنەوەی خۆپیشاندەران بۆ هەولێر بەکارهاتووە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "بەبەڵگەوە، پاسەکان بە وێنەی خـ*ـومەینییەوە بەتەمابوون بێنە ھەولێر، بەڵام ئاشکراکران".

ڕاستییەکە

ئەو ئیدیعایە چەواشەکارانەیە، بەو پێیەی وێنەکە کۆنە و لە بەغدای پایتەختی عێراق تۆمارکراوە.

بە ئەنجامدانی گەڕانی پێچەوانە بۆ وێنەکە گەشتین بە چەندین پۆست کە لە ساڵی 2022 بڵاوکراوەتەوە گوایە ئەو پاسە تایبەت بووە بە گواستنەوەی خەڵک لە سلێمانییەوە بۆ بەغدای پایتەختی عێراق بۆ خۆپیشاندان.

بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئۆتۆمبێلەکە لە بەغدا بووە، هێماکانی شوێنەکەمان دەستنیشان کرد 

 دەرکەوت کە نزیک مۆنۆمێنتی ئازادییە لە گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغدا، دوای بەراوردکردنی وێنەیەکی گەورەتری نەبڕاو کە لە پۆستەکانی ساڵی 2022 دۆزیمانەوە، دەتوانین سەرنجی ئەو باڵەخانەیە بدەین کە لە کۆتایی وێنەکەدا دەردەکەوێت کە نزیک مۆنۆمێنتی ئازادییە، هەروەها تابلۆی سەر یەکێک لە باڵەخانەکان کە ڕەنگی خۆڵەمێشییە لە بەرامبەر مۆنۆمێنتی ئازادییە.

بڵاوبوونەوەی ئەو وێنەیە لەگەڵ ئەو ئیدیعا چەواشەکارانەیە هاوکاتە لەگەڵ ئەو خۆپیشاندان و مانگرتنەی لە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، کە تیایدا خۆپیشاندەران داوای خەرجکردنی بەردەوامی مووچەکانیان دەکەن کە چەندین مانگ دواکەوتووە و داوای باشترکردنی بارودۆخیان دەکەن.

ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە دەریدەخات کە هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێناوە، کە بووە هۆی برینداربوونی خۆپیشاندەران، مەحمود یاسین چالاکوانی کورد لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس لە 9ی شوباتی 2025دا ڕایگەیاندووە،

 "سەرەڕای بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ لەلایەن ئاسایشی هەولێر و ڕێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی مامۆستایانی سلێمانی بۆ هەولێر، بەڵام مامۆستایان بازگەی دێگەڵەیان لە ڕێگادا بۆ هەولێر بەزاندووە".

لەکاتێکدا خۆپیشاندانەکان تۆمەتبار کرا کە لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە پشتیوانی دەکرێن، هۆشیار زێباری سەرکردە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، لە 9ی شوباتی 2025 پۆستێکی لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، 

"ئەو خۆپیشاندانەی کە بەم دواییە لە سلێمانی ڕێکخرا سیاسییە بەشێوەیەکی نایاب، هەروەها گونجاوترە برا ناڕازیەکان چادرەکانیان بگوازنەوە، و دانیشتن و مانگرتن لە خواردن لە گۆڕەپانی تەحریر یاخود شەقامی ئیمام قاسم لەبەردەم وەزارەتی دارایی ئەنجام بدەن، و داوای خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان بکەن، بەتایبەتی کە حکومەتی هەرێم ئەو بابەتەی لەگەڵ بەغدا یەکلایی کردووەتەوە".

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکان، ڕۆژی یەکشەممە 9ی شوباتی 2025، کە لەلایەن تۆڕی میدیایی ڕووداوەوە بڵاوکراوەتەوە، ڕوونیکردەوە، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق سکاڵای یاسایی لەبەردەم دادگای باڵای فیدراڵی لە دژی محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق تۆمارکردووە، ڕوونیکردەوە کە ئەو داوایە لە 20ی 1ی 2025 تۆمارکراوە، بەڵام ڕاگەیاندنی بەهۆی مانگرتنی فەرمانبەران و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەوە بووە.

ئەوەشی خستەڕوو:

 "بە خۆشحاڵییەوە بە هەموو خەڵکی کوردستان ڕادەگەیەنین کە سەرۆک کۆماری عێراق دکتۆر لەتیف ڕەشید دۆسیەی یاسایی لە دادگای فیدراڵی تۆمارکردووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم داوایە لەسەر بنەمای 

"ئەرکی دەستووری سەرۆک کۆمار و بەرپرسیارێتی نیشتیمانی بەرامبەر بە هەموو هاووڵاتیانی عێراق بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیشەوە تۆمارکراوە، و وەڵامێکە بەرامبەر ئەو دۆخە خراپەی کە مامۆستایان و کەسوکاری شەهیدان و هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و هەموو چین و توێژەکانی کوردستان پێیدا تێدەپەڕن".