ڕاستی دەستپێکردنی خۆپیشاندان لە هەولێر لە ئێستادا چییە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "لە هەولێر خۆپیشاندان دەستی پێکرد".

ڕاستییەکە

ئەو ئیدیعایە چەواشەکارانەیە، و ڤیدیۆکە کۆنە، بەو پێیەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناڕەزایەتیانەی کە لە ساڵی 2018 لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، کاتێک هاووڵاتیان خۆپیشاندانیان کرد دژی سیستمی پاشەکەوتکردنی مووچەی ئیجباری کە لەو کاتەدا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەپێنرابوو، بە مەبەستی چەواشەکردنی فۆڵۆوەرانی، ڤیدیۆکە دووبارە بڵاوکراوەتەوە لە ڕێگەی یەکێک لە بەرنامەکانی پەخشی ڕاستەوخۆ لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەرچەندە ڤیدیۆ ڕەسەنەکە نەدۆزرایەوە، بەڵام چەند ڤیدیۆیەکی دیکەی خۆپیشاندانەکان لە گۆشەی جیاوازەوە دۆزرایەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی "ڤیدیۆ نیوز"، پێشبینی دەکرا ڕۆژی 9ی شوباتی 2025 لە شاری هەولێر خۆپیشاندان ئەنجام بدرێت لە پێش بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی داوای خەرجکردنی مووچە دواکەوتووەکانیان بکەن، هەروەها باس لەوەش کراوە کە دەسەڵاتدارانی هەولێر ڕێوشوێنی توندی ئەمنییان سەپاندووە بەسەر دەروازەکانی شار بۆ ڕێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی مانگرتوانی سلێمانی.

ڕۆژی 9ی شوباتی 2025، دەسەڵاتدارانی هەولێر ڕێگرییان کرد لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان، پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند

"تا ئێستا هیچ لایەن و کەسێک داواکاری فەرمی بۆ ڕێکخستنی خۆپیشاندان یاخود کۆبوونەوە لە هەولێر پێشکەش نەکردووە"

هەروەها وتی: 

"هەر لایەنێک بیەوێت خۆپیشاندان یاخود کۆبونەوە ئەنجام بدات بەبێ بەدەستهێنانی ڕێگەپێدانی یاسایی یاخود ڕەزامەندی، ئێمە بە ناوی یاسا و یاساکانی ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکان دژی دەوەستینەوە".

لە پارێزگای سلێمانی مانگرتن و خۆپیشاندان لەلایەن مامۆستایانەوە ئەنجامدرا وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر دواکەوتنی مووچەکانیان، خۆپیشاندەران لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە و مانگرتنیان ڕاگەیاندن و ماوەی چەند ڕۆژێکە بەردەوامە، ئەمەش بووە هۆی تێکچوونی باری تەندروستی بەشێکیان، ناڕەزایەتییەکان هەولێر و هەڵەبجەشی گرتەوە وەک هاودەنگییەک.

ئەم پێشهاتانە لە چوارچێوەی دووبارەبوونەوەی قەیرانە داراییەکان لە هەرێمی کوردستاندا دێن، کە کاریگەری لەسەر خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت بەتایبەت مامۆستایان هەبووە، لە ئەنجامی دواکەوتنی ڕێککەوتنە داراییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، ئەمە جگە لە لاوازی داهاتی ناوخۆ.