ئایا سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی ڕایانگەیاندووە کە مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردوو بۆ هەرێمی کوردستان نانێرن؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "سودانی و تیف سامی: مووچەی مانگی 12مان بۆ ھەرێم نەناردووە".

ڕاستییەکە

ئەو ئیدیعایە ساختەیە، لەکاتی گەڕان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵەی بڵاوکراوەتەوە، هیچ شتێکمان نەدۆزیەوە کە بیسەلمێنێت محەمەد شیاع سودانی یاخود وەزیری دارایی تەیف سامی لێدوانی هاوشێوەیان ڕاگەیاندبێت کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ مانگی کانوونی یەکەمی 2024 نانێرن.

بەپێچەوانەوە، بەپێی بەیاننامەیەکی لیژنەی دارایی پەرلەمان، لە بەرواری 12ی 1ی 2025 وەزیری دارایی پشتڕاستی کردبووەوە ، کە

 "وەزارەتی دارایی بەتەواوەتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بۆ ساڵی 2024 دابینکردووە، و بەرپرسیار نییە لەوەی نەیگەیەندرابێتە دەستیان".

لای خۆیەوە، سودانی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی ئەلشەرق لە 6ی شوباتی 2025، لەکاتی قسەکردن لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕایگەیاند:

" مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی یەکی ساڵی 2025 خەرج کراوە، و لە ماوەی مانگەکانی دیکەشدا بەشێوەیەکی ڕێک بەردەوام دەبین".

قەیرانی مووچەی هەرێمی کوردستان: نوێبوونەوەی ناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێر

پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و حکومەتی هەرێم، بەو پێیەی ڕەگەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکی لەسەر بودجەی گشتی و پشکی هەرێم لە سەرچاوە داراییەکان، بەتایبەتی داهاتی نەوت.

دیارترین هۆکاری ئەم کێشەیە ناڕێکی مووچەیە، چونکە فەرمانبەران بەدەست دواکەوتنی بەردەوامی خەرجکردنی شایستە داراییەکانیانەوە دەناڵێنن، ئەمەش لە ئەنجامی شکستهێنانی بەغدایە لە گواستنەوە و تەرخانکردنی شایستە داراییەکان بە شێوەیەکی بەردەوام. ناکۆکییەکانی نەوتیش ڕۆڵی گەورە دەبینن، بەو پێیەی حکومەتی هەرێم پێداگری لەسەر فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەکی سەربەخۆ دەکات، کە دادگای فیدراڵی بە نایاسایی دەزانێت، ئەمەش بووە هۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی تورکیا و زیاتر ئاڵۆزکردنی دۆخی دارایی.

دادگای فیدراڵی چەندین بڕیاری دەرکردبوو کە جەخت دەکاتەوە لەسەر خەرجکردنی مووچەی هەرێم بەپێی میکانیزمی یاسایی ڕوون، بەڵام ڕەتیکردەوە ڕاستەوخۆ بیگوازێتەوە بۆ حکومەتی هەرێم، ئەمەش گرژییە سیاسییەکانی زیاتر کرد.

ئەم قەیرانە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان هەیە، کە فەرمانبەران بەدەست فشاری دارایی گەورەوە دەناڵێنن بەهۆی دواکەوتنی بەردەوامی مووچەوە، لە کاتێکدا ناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێر بەبێ چارەسەری کۆتایی بەردەوامە کە گەرەنتی سەقامگیری بودجەی دارایی هەرێم بکات.