ڕاستی گیانلەدەستدانی مامۆستایەکی مانگرتوو لە خواردن لە سلێمانی چییە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "بەداخەوە هەر ئێستا مامۆستایەکی مانگردوو کۆچی دوای کرد".
ڕاستییەکە
ئەو هەواڵە ساختەیە، بەو پێیەی تا ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و میدیا ناوخۆییەکانەوە دەربارەی ئەو ئیدیعایە بڵاونەکراوەتەوە، هەروەها گەڕانێکمان لە لەڕێگەی وێبگەڕی گوگڵەوە ئەنجامدا، و هیچ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراومان نەدۆزیەوە کە ڕاستی ئەم ئیدیعایە بسەلمێنێت.
لای خۆیەوە وتەبێژی مامۆستایانی مانگرتوو لە سلێمانی، عوسمان گوڵپی، کاتێک پەیوەندیمان پێوەکرد، ئەو هەواڵەی ڕەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە:
"ئەو هەواڵەی ڕاست نیە و بنەمای نیە".
سەبارەت بە باری تەندروستی مامۆستایانی مانگرتوو، بەهۆی ماندوێتی و بەدخۆراکییەوە سێ کەسیان ڕەوانەی نەخۆشخانە کران، هەروەها عوسمان گوڵپی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پشتڕاستی کردەوە کە مانگرتنەکە بەردەوامە سەرەڕای ئاستەنگە تەندروستییەکان و بارودۆخی سەختی کەشوهەوا، ئاماژەی بەوەشکرد خۆپیشاندانەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ فراوانتر دەبن.
مانگرتنی مامۆستایان لە سلێمانی:
مامۆستایانی سلێمانی لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران بەردەوامن، لەکاتێکدا بارودۆخی سەختی ژیان و بارودۆخی سەختی کەشوهەوا هەندێکیان بە مانگرتن لە خواردن، و هەندێکی دیکەشیان لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکاندا کۆبوونەتەوە، داوای تەوتین کردنی مووچەی فەرمانبەران دەکەن، مانگرتووان پشتیوانییەکی بەرفراوانیان لێکرا لە لایەن هەزاران مامۆستا و زیاتر لە 100 ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە کاتێکدا هیچ وەڵامێکی فەرمی لە لایەن حکومەتی هەرێم یان فیدراڵیەوە دەرنەچووە ئەم مانگرتنە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێت، لە کاتێکدا هەڕەشەی پەرەسەندنی زیاتری هەیە.

